رووداو - دیجیتاڵ
دیوارەکانی مزگەوتی گەورەی ئامەد کە مێژووەکەی بۆ 1387 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لە ژێر ناوی "رێگری لە دزی و تاوان" بە تەلی دڕکاوی دەورە دران، ئەمەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەی هاووڵاتییان ناوچەکەی لێکەوتەوە.
رۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026، بەشێک لە دیواری مزگەوتی گەورەی ئامەد لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمیی وەقفەکانەوە، تەلبەند کرا.
تەلبەندکردنی دیوارەکە تەنیا ئەو بەشەی مزگەوتەکەی گرتەوە کە دەکەوێتە بەرامبەر بازاڕی سیپاهی لە ناوچەی سوور لە ئامەد.
بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمیی وەقفەکان رایگەیاند ئەو تەلبەندکردنە بۆ رێگرییە لە دزیکردن لە مزگەوتەکە.
هاووڵاتییان و کاسبکارانی ناوچەکە رەخنەی تووندیان لەم کارە گرت و رایانگەیاند تەلبەند زیان بە رووخساری مێژوویی و ئەندازیاریی ئەم شوێنەوارە ئایینییە دەگەیەنێت و سیمای مزگەوتەکەی وەک زیندان لێکردووە.
دانیشتووانی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن، دەکرێت بە رێگەی تەکنەلۆژیی و شێوازی سەردەمیانە پارێزگاری لە شوێنەوارە مێژووییەکان بکرێت، نەک بە زیانگەیاندن بە شێوە و جوانیی تەلارسازییەکەی.
مزگەوتی گەورەی ئامەد کە دەکەوێتە ناوچەی مێژوویی سوور لە ئامەد ، یەکێکە لە کۆنترین و گرنگترین مزگەوتەکانی باکووری کوردستان و تورکیا.
پێش هاتنی ئیسلام، شوێنەکە کەنیسە بووە بە ناوی کەنیسەی (مار تۆما).
دوای گەیشتنی دەسەڵاتی ئیسلامی بۆ ئامەد لە ساڵی 639ی زایینی، کەنیسەی "مار تۆما" گۆڕدرا بۆ مزگەوت و ئەمرۆ پێیدەگوترێت مزگەوتی گەورەی ئامەد.



