رووداو دیجیتاڵ
باڵەخانەی (قوتابخانەی بنەڕەتیی روانگە) لە گەڕەکی هەواری شاری سەر بە شاری رانیە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی لە لایەن دەزگای روانگەوە تەواوکرا و ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا رادەستی پەروەردە دەکرێ.
بەپێی کارنامەی رێوڕەسمەکە، رێوڕەسمی کردنەوە و رادەستکردنی باڵەخانەی قوتابخانەکە لە کاژێر 10:30ـی بەیانی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومی و پەروەردەیی لە گەڕەکی هەواری شار لە شاری رانیە دەست پێدەکات.
حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە لەبارەی ئامانجی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامانجی سەرەکیی دەزگای روانگە لە بنیاتنانی قوتابخانەی بنەڕەتیی روانگە، رەخساندنی ژینگەیەکی پەروەردەیی نموونەیی و هاوچەرخە بۆ منداڵان و قوتابییانی سنووری ئیدارەی راپەڕین، بە جۆرێک کە سەرجەم کەرەستە و تەکنەلۆژیا مۆدێرنەکانی سەردەمی تێدا فەراهەم کراوە تاوەکو ئاستی فێربوون بەرەوپێش ببات."
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە دەڵێ: "ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی روانگەی دەزگاکەماندایە بۆ پەرەپێدانی مرۆیی و بەهێزکردنی کەرتی پەروەردە، کە لەسەر ئەرکی نێچیرڤان بارزانی کراوە، بە مەبەستی دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و تەندرووست بۆ پڕۆسەی خوێندن".
حەسەن شێخ عەلائەدین گوتی، پڕۆژەکە بە گوژمەی ملیارێک و 741 ملیۆن و 275 هەزار و 300 دینار جێبەجێکراوە و لە 547 رۆژدا تەواو کراوە.
کۆی گشتیی رووبەری زەویی پڕۆژەکە حەوت هەزار مەتری چوارگۆشەیە، کە دوو هەزار و 923 مەتری رووبەری باڵەخانەیە و چوار هەزار 770 مەتریشی رووبەری کراوەیە.
پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی باڵەخانەکە
باڵەخانەی قوتابخانەکە لە دوو نهۆم پێکدێ و تەواوی پێداویستییە هاوچەرخەکانی تێدایە:
نهۆمی یەکەم (1,890 مەتر دووجا): لە شەش پۆلی خوێندنی مۆدێرن، هۆڵی گشتیی کۆبوونەوە بە سەکۆی تایبەت، بەشی کارگێڕی (ژووری بەڕێوەبەر، یاریدەدەر، مامۆستایان، هۆڵی کۆبوونەوە و کۆگا)، کافتریا، ژووری فریاگوزاریی پزیشکی، توالێتی کوڕان و کچان و توالێتی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان پێکدێ.
نهۆمی دووەم (1,033 مەتر دووجا): لە 12 پۆلی خوێندنی هاوچەرخ، کتێبخانەیەکی مۆدێرن، سێ تاقیگەی زانستی بۆ وانەکانی کیمیا، فیزیا و بایۆلۆجی، دوو پەیژەی سەرەکی لەگەڵ پەیژەی فریاگوزاری و بەشی خزمەتگوزاریی سەربەخۆ پێکدێ (کۆی گشتی دەکاتە 18 پۆلی خوێندن).
باخچە و یاریگا: پڕۆژەکە خاوەنی یاریگایەکی فووتساڵە بە رووبەری 534 مەتر دووجا بە پەرژینی ئاسنین و رووناکییەوە، لەگەڵ 1,703 مەتری دووجا سەوزایی و چیمەنی سرووشتی بە رواندنی 65 درەخت، هەروەها 2,350.4 مەتر دووجا رێڕەوی پیادەی کۆنکرێتی نەخشێندراو.
قوتابخانەکە بە سیستمی پێشکەوتووی پاراستنی ژینگە و تەکنەلۆژیای نوێ بەهێزکراوە.
وەک حەسەن شێخ عەلائەدین باسی کرد، بەکارهێنانی سیستمی وزەی خۆری On-Grid بە توانای 15KW، گەرمکەرەوەی ئاوی خۆر، وێستەگەی کارەبای KIOSK بە توانای 160KVA، کارەبای جێگرەوەی UPS بە توانای 10KVA و رووناککەرەوەی لید بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی وزە.
حەسەن شێخ عەلائەدین گوتیشی، دابینکردنی 34 کامێرای چاودێریی (18 دەرەکی و 16 ناوەکی)، سیستمی ئاگادارکردنەوە لە ئاگر بە 53 هەستەوەر، سیستمی ئاگرکوژێنەوە بە بڕوانامەی نێودەوڵەتی، بەستنەوەی پۆلەکان بە تۆڕی زانیاری و پرۆجێکتەری، هەروەها سیستمی کۆکردنەوە و بەردەوام بەکارهێنانەوەی ئاوی باران بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو، لەگەڵ سیستمی فێنککەرەوە و هەواگۆڕکێ بە سپلیتی 9 هەزار تاوەکو 36 هەزار BTU ی تێدایە.




