رووداو دیجیتاڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، چەندین بڕیاری لە بوارەکانی کارگێڕی، خزمەتگوزاری، پەروەردە و دارایی دەرکرد، لەوانە راگەیاندنی چوار رۆژ پشووی فەرمی، کردنەوەی دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ سەرۆک و جێگری ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی و ئاسانکاری بۆ گرێبەستەکانی بازاڕی زێڕنگەرانی کەرکووک. بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی رۆژی شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد و تێیدا بڕیاردرا بەبۆنەی "رۆژانی سەروەری"ـیی عێراق، دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت لە رۆژی چوارشەممە 30ی ئەیلوولەوە تاوەکو رۆژی شەممە 3ی تشرینی یەکەمی 2026 رابگیرێ و پشووی فەرمی بێت و رۆژی یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەم دەوامی فەرمی دەستپێدەکاتەوە. خۆبەربژێرکردن بۆ سەرۆک و جێگری ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕی لەسەر راگەیاندنی کردنەوەی دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی گشتیی فیدراڵی و جێگرەکەی (بۆ خولی دووەم)، هەروەها وادەی پێشکێشکردنی داواکاری لە 15ی تشرینی یەکەمی 2026 لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندن و ماڵپەڕی تایبەتەوە دەستپێدەکات و ماوەی پێشکێشکردنی فۆڕم و داواکارییەکان نابێت لە یەک مانگی کارکردن زیاتر بێت، هاوکات لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ وەرگرتن و وردبینیکردنی داواکاریی بەربژێران پێکدەهێندرێ. هەروەها بۆ دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی تاقیکردنەوەکان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا لەسەر بەخشینی وەزارەتی پەروەردە لە شێوازەکانی گرێبەستکردنی فەرمی تەنیا بۆ یەکجار. هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە بەخشینی کاسبکار و دووکاندارانی موڵکی ژمارە (4/ بازاڕی زێڕنگەران لە پارێزگای کەرکووک لە مەرجی راگەیاندن و زیادکردنی ئاشکرا، هاوکات بەستنی گرێبەستی نوێی کرێ لەگەڵیاندا بەپێی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی سامانی دەوڵەت دەبێ. دەروازەکانی نەینەوا، پڕۆژەی ئیبن سینا و رێککەوتن لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی: - بڕیاردرا بە گواستنەوەی خاوەندارێتیی ئەو زەوییانەی دەروازە سنوورییە وشکانییەکانیان لەسەر دروستکراوە لە وەزارەتی ناوخۆوە بۆ سەر دەستەی دەروازە سنوورییەکان بەبێ بەرامبەر لە پارێزگای نەینەوا، بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی دەروازەکان. - سەرۆکی شارەوانیی بەغدا یان نوێنەرەکەی راسپێردرا بۆ گفتوگۆ و واژۆکردنی بەخشین لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزارییە تەواوکارییەکان. - زیادکردنی بڕی یەدەگ و کەمکردنەوەی تێچووی گشتیی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە بەغدا پەسند کرا. - ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری راسپێردرا بۆ دەرکردنی بڕیارێک بە مەبەستی هەموارکردنی بڕە پارە دیاریکراوەکانی یاسای رسوماتی دادوەری، لەگەڵ هەموارکردنی بڕیاری پێبژاردنەکان و زیادکردنی دەستەواژەی "لەو بڕە زیاتر نەبێت" لە پێش هەر بڕە پێبژاردنێکدا. دیاریکردنی ماوەی نێوان 30ی ئەیلوول تاوەکو 3ی تشرینی یەکەم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەک "رۆژانی سەروەری" بەستراوەتەوە بە دوو رووداوی سیاسی و مێژوویی. یەکەمیان، رۆژی 30ی ئەیلوول هاوکاتە لەگەڵ ئەو وادە فەرمییەی کە لەڕێگەی دانوستاندنەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان بەغدا و واشنتن دیاریکراوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و رادەستکردنی بنکە سەربازییەکان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق. حکومەتی عێراق ئەم وادەیە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی و هەنگاوی چەسپاندنی تەواوەتیی "سەروەریی خاکی عێراق" پێناسە دەکات. هەروەها رۆژی 3ی تشرینی یەکەم لە ساڵنامەی فەرمیی عێراقدا بە "رۆژی نیشتمانی" هەژمار دەکرێ، ئەمەش بەبۆنەی ساڵیادی کۆتاییهاتنی داگیرکاری بەریتانیا و راگەیاندنی سەربەخۆیی عێراق و پەیوەستبوونی بە "کۆمەڵەی گەلان" لە 3ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1932دا.
کوردستان26-09-2026سزاکانی ئەمریکا گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی لەگەڵ ئێران راگرت