رووداو دیجیتاڵ
پارتی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران بە کردەوەیەکی "تێکدەرانە" ناودەبات و دەڵێت ئەم رەفتارانە لە بەرژەوەندیى هیچ لایەک نابینن.
رۆژی دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی شەوی رابردوو بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "لە کاتێکدا هەموو لایەک چاوەڕوانی ئەوە بوون دەست بۆ ئەمنییەت و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان نەبرێت و پارێزراو بێت، بە داخەوە شەوی رابردوو لە رێگەی دوو درۆنەوە نووسینگەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن بە ئامانج گیران."
لە راگەیێندراوەکەدا پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەواوی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دوورخستنەوەیەتی لە تێوەگلان لە کێشە و گرژییەکانی ناوچەکە و دەڵێت: "هەرگیز هەرێم بەشێک نەبووە و نییە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکان." هەروەها ئەو جۆرە هێرشانە بە کردەوەی تێکدەرانە ناو دەبات کە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نین و مەترسیدارن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی داوا لە بەغدا دەکات هەڵوێستی هەبێت و لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات: "بە روونی جەخت دەکەینەوە کە ئەرکی سەرشانی حکومەتی فیدراڵیی عێراقە لەسەر ئەم پرسە بە جدی بێتە دەنگ و رێگە لەم هێرش و پێشێلکارییانە بگرێت، هەروەها لە زووترین کاتدا بە رێگەی گونجاو بەرەنگاری ئەو جۆرە دەستدرێژییانە ببێتەوە."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر نووسینگەکەی رایگەیاند: "دوای لێکۆڵینەوەیەکی دژەتیرۆری کوردستان، دەرکەوتووە ئەمڕۆ نووسینگەی تایبەتم و ماڵی سەرۆکی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری بە هێرشی درۆنی ئێرانی کرانە ئامانج."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو "هێرشە بێباکانە و قبووڵنەکراوانە" دەکات و رایدەگەیێنێت: "ئەمە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان."
پێشتریش دژەتیرۆری کوردستان لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاتژمێر 00:28، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە."
دەشڵێت: "ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین و بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین، تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە."
حەدید 110 خێراترین درۆنی ئێرانییە، خێراییەکەی دەگاتە 510 کم/کاژێر و بزوێنەرەکەی لە جۆری تۆربۆیە.
درۆنەکە دەتوانێت لە بەرزایی تاوەکو 9 کیلۆمەتر بۆ یەک کاژێر بفڕێ و 350 کم دوور بڕوات. هاوکات، 30 کگم تەقەمەنی هەڵدەگرێ و بۆ ئەوە دروستکراوە خێرا ئاسمانی لایەنی بەرامبەر ببڕێت پێش ئەوەی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بیدۆزنەوە.

