رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان، کارکردن لە زیاتر لە 3 هەزار پڕۆژەدا راگیراوە و نزیکەی 2 هەزار بەڵێندەر بەهۆی قەیرانی دارایی و خەرجنەکردنی شایستەکانیانەوە رووبەڕووی زیانی گەورە بوونەتەوە، بەجۆرێک بەشێکیان مایەپووچ بوون و دەڵێن: "هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەر نابینین."
قەیرانی دارایی و شەڕی داعش کە لە ساڵی 2014ـەوە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرت، کاریگەریی گەورەی لەسەر کەرتی ئاوەدانکردنەوە جێهێشت. راگرتنی بودجە لەلایەن بەغدا و تەرخانکردنی داهات بۆ شەڕ، بووە هۆی وەستانی هەزاران پڕۆژە و قەرزداربوونی حکومەت بەرامبەر بەڵێندەران.
عەزیز محەممەد، یەکێک لەو بەڵێندەرانەیە کە زیانی گەورەی بەرکەوتووە و بە رووداوی راگەیاند: "دۆخێکی زۆر خراپمان هەیە، دەتوانم بڵێم 85%ـی بەڵێندەران مایە پووچبوونە. من خۆم 500 ملیۆن دینارم لای حکومەتە و 300 ملیۆنی دیکەشم هێشتا بۆ نەکراوەتە چەک و پێم نادرێتەوە."
بە گوتەی بەڵێندەران، زۆربەی ئەو پڕۆژانە زیاتر لە 10 ساڵە بەجێهێڵراون و چارەنووسیان نادیارە.
لوقمان بابەکر ئاغا، جێگری سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەران، دەڵێت: "قەت پێشبینیی ئەوەمان نەدەکرد کێشەی بەڵێندەران ئەوەندە بخایەنێت. وامان دانابوو دوای شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، دۆخەکە باش ببێت، بەڵام بەداخەوە هیچ ئاسۆیەک روون نابینین."
لە کۆی ئەو سێ هەزار پڕۆژە وەستاوە، نزیکەی نیوەیان دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی. بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆرە بەجێهێڵراون، بەشێک لە پڕۆژەکان ئێستا پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، ئەمەش تێچوویەکی دیکە بۆ دەستپێکردنەوەیان زیاد دەکات.


