رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمان بەردەوامە و دەشڵێت: "پێویستە کۆبوونەوەکان ئەنجامیان هەبێت، نەک لەپێناو کۆبوونەوە بن." لە وەڵامی پرسیاری رووداویش سەبارەت بەوەی ئەم ساڵ حکومەت پێکدێت گوتی: "ئومێدەوارین." رۆژی شەممە، 8ـی ئابی 2026، مەحموود محەممەد، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای هەڵبژاردنەوە هەوڵەکانمان چڕ کردووەتەوە و بەردەوامین. بەپێویستی دەزانین ئەو ئاستەنگانەی لەسەر رێگەی پێکهێنانی کابینەکە و کاراکردنی پەرلەمان هەن، لایانبەرین." گوتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد: "دەبێت ئەو متمانەیەی خەڵکی کوردستان بە لایەنەکانی داوە، بەتایبەتی پارتی، جێبەجێی بکەین. بۆیە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن." سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەحموود محەممەد گوتی: "زۆر گرنگە کۆبوونەوەکانی داهاتوو ئەنجامیان هەبێت، نەک تەنیا کۆبوونەوە لەپێناو کۆبوونەوە بێت. دەبێت بە شتێکەوە بگەینە لای خەڵکی کوردستان و بە کردار جێبەجێی بکەین." لێدوانەکانی پارێزگاری کەرکووک نەگونجاو بوون لەسەر کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی رێکخستنەکانی پارتی لە کەرکووک و لێدوانەکانی پارێزگاری کەرکووک، گوتەبێژی پارتی رایگەیاند: "لێدوانەکەی پارێزگاری کەرکووک شێوازێک بوو کە دیقەتی تێدا نەبوو و نەگونجاو بوو لەگەڵ بارودۆخی کەرکووک." مەحموود محەممەد گوتیشی: "ئێمە دەڵێین کەرکووک شاری پێکەوەژیانە بە ناسنامەیەکی کوردستانییەوە. دەبێت هەر کەسێک بەرپرس بێت لە کەرکووک، ئەم بابەتە زۆر بە هەستیارییەوە لەبەرچاو بگرێت و هەوڵ نەدات سەقامگیرییەکە تێکبدات، چونکە کەرکووک فاکتەرێکی گرنگ بووە لە ناسەقامگیریی عێراقدا." ناوەندێکی سەرکردایەتی لە بەغدا دادەمەزرێنین گوتەبێژی پارتی ئاشکرای کرد کە بڕیاریان داوە ناوەندێکی سەرکردایەتی لە بەغدا بە دەسەڵاتێکی زیاترەوە دابمەزرێنن و گوتی: "بە پێویستمان زانی شێوازی کارکردنمان لە بەغدا بگۆڕین. بڕیاردرا ناوەندی سەرکردایەتی لەوێ دروست بکەین و کاک هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی، سەرکردایەتیی ئەو ناوەندە بکات." لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا ئەمساڵ هەواڵی پێکهێنانی کابینەی نوێ و کاراکردنەوەی پەرلەمان دەبیسترێت، مەحموود محەممەد گوتی: "ئومێدەوارین."