رووداو دیجیتاڵ لە ناوچەی بێستوونی سەر بە پارێزگای کرماشان، ژن و پیاوێک کەوتنە نێو رووباری گاماسیاوەوە و خنکان، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە پارێزگای کرماشان خنکاون، گەیشتە 16 کەس. جەهانبەخش حەیدەری، قایمقامی شاری هەرسین لە پارێزگای کرماشان بە میدیا خۆجێیەکانی پارێزگاکەی رایگەیاند، ئێوارەی پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، لە رووداوێکی دڵتەزێندا لە نزیک گوندی حەیدەرئاوای بێستوون، ژن و پیاوێک بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستدا. قایمقامی هەرسین گوتی، "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، سەرەتا ژنەکە کەوتووەتە ناو ئاوەکەوە و پیاوەکە ویستوویەتی رزگاریبکات، بەڵام خۆیشی رووبەڕووی هەمان چارەنووس بووەتەوە." بەگوتەی جەهانبەخش حەیدەری، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاریی بێستوون دوای گەیشتنیان بۆ شوێنی رووداوەکە، تەرمی هەردوو قوربانییەکەیان لە ئاوەکە دەرهێناوە و رادەستی دادپزیشکییان کردووە. حەیدەری نیگەرانیی خۆی لە دووبارەبوونەوەی رووداوەکانی خنکان لە رووبارەکانی ناوچەکە دەربڕی و رایگەیاند، بە تۆمارکردنی ئەم دوو حاڵەتە نوێیە، ژمارەی قوربانییانی خنکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا لە رووبارەکانی (گاماسیاو) و (دینەوەر) لە ناوچەی بێستوون، بۆ حەوت کەس بەرزبووەوە. هەروەها لەسەر ئاستی پارێزگای کرماشانیش ژمارەی قوربانییان بۆ 16 کەس بەرزبووەوە. 25ـی تەممووزی 2026، بێهتاش خانیئاباد، بەڕێوەبەری دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 14 کەس لە سنووری پارێزگاکە خنکاون، کە حەوتیان پیاو و حەوتی دیکەیان ژن بوون. بەگوتەی خانیئاباد، لەو 14 کەسە، هەشت کەسیان لەنێو رووبارەکان، چوار کەس لە بەنداوەکان و دوو کەسیان لە مەلەوانگە خنکاون.
کوردستان07-08-2026نێچیرڤان بارزانی لە رۆژی شەهیدی ئاشووری: کوردستان بۆ هەمیشە بە نیشتمانی هاوبەش دەمێنێتەوە