رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێکی فراوان لە دارستانەکانی شاری سەردەشت، سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەوە و بەپێێ زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆیەوە زیاتر لە 17 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی تەمموزی 2026، بەختیار خزریان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەرچاوە سروشتییەکانی سەردەشت رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە دارستانەکانی ناوچەی ئاڵان کەوتەوە. ئاگرەکە لە بەرزاییەکانی گوندی کاوڵەکەون دەستپێکرد و هەر زوو بەرەو ناوچەکانی دیکە تەشەنەی کرد.
بە گوتەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەرچاوە سروشتییەکانی سەردەشت، تیمەکانیان دەستبەجێ گەیشتنە ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەستپێکرد.
بەختیار خزریان دەڵێت، ئاگرەکە دوای پێنج کاژێر هەوڵدان لە لایەن تیمەکانی فەرمانگەی سەرچاوە سروشتییەکانی سەردەشت، ژینگەپارێزان و خەڵکی خوجێی ناوچەکە، ئاگرەکە کوژێندرایەوە.
سەبارەت بە زیانەکانی ئاگرەکە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەرچاوە سروشتییەکانی سەردەشت گوتی، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانیان، 17 هێکتار دارستان و لەوەڕگە لە ناوچەی ئاڵانی سەردەشت سووتاون.
خزریان ئاماژە بەوەش دەکات، لە سەرەتای وەرزی بەهاری ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا (چوار مانگ) شەش رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی سەردەشت تۆمار کراون و بەهۆیەوە 65 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاون.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەرچاوە سروشتییەکانی سەردەشت ئەوەشی خستەڕوو، کە پار 47 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئەو شارە تۆمار کراون کە بەهۆیەوە زیاتر لە 450 هێکتار دارستان سووتان.
شاری سەردەشت دەکەوێتە باشووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و 90 هەزار لە رووبەرەکەی دارستان و 30 هەزار هێکتاریشی لەوەڕگەیە.
.jpg&w=3840&q=75)
