رووداو دیجیتاڵ
تیمی پڕۆژەی (هەژماری من) روونکردنەوە لەبارەی سزادان و بێبەشکردنی بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی دەدات و دەڵێ، ئەو بانکە لە پارەوە لە پرۆژەی (هەژماری من) دوورخراوەتەوە.
رۆژی هەینی 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، تیمی پڕۆژەی هەژماری من لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2025ەوە بانکی گەشەپێدانیی نێودەوڵەتی لە پڕۆژەکە دوورخراوەتەوە و ئەو مووچەخۆرانەیشی لەو بانکە هەژماریان هەبووە، هەژمارەکەیان بۆ سەر بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی دیکە گوێزراوەتەوە.
سەبارەت بەوەی بۆچی ئەو بانکە دوورخراوەتەوە، تیمی هەژماری من دەڵێ، لەپێناو پاراستنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بووە، تاوەکو بەردەوام بن لە ئەنجامدانی مامەڵە داراییەکانیان بە دۆلار و بەکارهێنانی کارتە بانکییەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بەبێ هیچ ئاستەنگێک.
هەژماری من دڵنیایی دەداتە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ئاماژە بەوە دەکات، پرۆژەکە ئێستا بە هاوبەشی لەگەڵ حەوت بانکی فەرمی بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، کە سەرجەمیان بە تەواوی پابەندی رێسا و رێنمایی و یاساکانی بانکی ناوەندیی عێراق و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانن.
رۆژی پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێران"، سزای بەسەر بانکی گەشەپێدانیی نێودەوڵەتییدا سەپاند.
واشنتن ئەم بانکە تۆمەتبار دەکات بەوەی کە دۆلاری ئەمریکی بۆ دامەزراوەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی دابین کردووە و وەک "کەناڵێکی دارایی" بۆ دەربازبوون لە سزاکان بەکارهێنراوە.


