رووداو دیجیتاڵ
فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە دەنگۆی پێکدادانی نێوان هێزە ئەمنییەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێ، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی کێوماڵکردن لە گەڕەکی نەشوە بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە دەستیپێکردووە کە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی کردووە.
روونکردنەوەکەی فەرهاد شامی دوای ئەوە هات کە لە نزیک گۆڕەپانی کارەبا لە گەڕەکی نەشوەی حەسەکە دەنگی تەقە بیسترا. بەشێک لە سەرچاوە ناوخۆییەکان باسیان لەوە کرد کە بەهۆی لێکتێنەگەیشتنەوە لە بازگەیەکی ئاسایشی ناوخۆ لە کاتی پشکنینی ناسنامەی چەکدارێک، دەمەقاڵێ دروستبووە و تەقەی هۆشداری بە ئاسماندا کراوە، دواتریش بە دەستوەردانی فەرماندەکان کێشەکە چارەسەر کراوە.
بەڵام فەرهاد شامی لە روونکردنەوەیەکدا لە تۆرى کۆمەڵایەتى ئێکس ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و رایگەیاند کە هێزەکانی ئاسایشی گشتی بە هاوبەشی لەگەڵ لیوای حەسەکە چەند ناوچەیەکی گەڕەکی نەشوەیان کێوماڵ کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی کەسێکی تێکدەر تەقەی لە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی کردووە و بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتووە.
بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە دووپاتیکردەوە کە رێکارە ئەمنییەکان و بڵاوبوونەوەی هێزەکان بەردەوامە بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە و دەستگیرکردنی هەموو ئەو کەسانەی لە هێرشەکەدا بەشدار بوون.



