رووداو دیجیتاڵ
هەرێم محەممەد، باوکی ئەو سێ منداڵەی لە رووباری مەریچ لەسەر سنووری تورکیا و یۆنان خنکان چۆنێتیی گەشتەکەی لە سلێمانییەوە بۆ تورکیا بۆ رووداو گێڕایەوە. ئەو دەڵێت، قاچاخچییەکە بە هەڕەشە ناچاری کردووە لەگەڵ 8 کەسی دیکەدا سواری بەلەمێکی بچووک ببن کە توانای هەڵگرتنی ئەو هەموو کەسەی نەبووە.
باوکی سێ منداڵەکە بە تەلەفۆن قسەی بۆ نمە نەبەز، بێژەری بووڵتەنی کۆڕۆژ-ی رووداو کرد و پەیامێکی بۆ خەڵک نارد و گوتی، "تکایە ئەوەندە ئازارمان مەدەن. من نەمزانی چارەنووسم ئاوا دەبێت. ویستم ژیانێکی باشتر بۆ منداڵەکانم دابین بکەم. جەرگم سووتاوە و وازمان لێ بێنن."
هەرێم محەممەد گەشتەکەی بەم شێوەیە گێڕایەوە، "من لە سلێمانییەوە بە فڕۆکە هاتم بۆ تورکیا و لەوێوە چوومە ئەدیرنە. قاچاخچییەکەمان ناوی رێکان بوو، خەڵکی هەولێر بوو، لەگەڵ رێبەرێک بەناوی سەرباز کە ئەویش خەڵکی هەولێر بوو."
سەبارەت بە کاتی رووداوەکە، هەرێم دەڵێت، "کاژێر 07:00ی ئێوارە بوو، ئۆتۆمبێلێک هاتە بەردەم شوقەکە و ئێمەیان بردە نزیک سنووری یۆنان، شوێنێک کە تورکیا و یۆنان و بولگاریا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. نزیکەی 20 بۆ 25 خولەک بە پێ رۆیشتین تاوەکو گەیشتینە کەناری رووبارەکە."
هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد، بەلەمەکە زۆر بچووک بووە و هەر لەنێو دارستانەکەدا هەوایان تێکردووە، "ئێمە هەشت کەس بووین لەگەڵ هەشت جانتا، قاچاخچییەکانیش دوو کەس بوون. تکام لێکردن کە با جانتاکان و کەسێکی دیکەمان بەرنە ئەوبەر و دواتر بگەڕێنەوە بۆ ئێمە، بەڵام رێبەرەکە کە ناوی سەرباز بوو، هەڕەشەی لێکردم. منیش لە ترسی ئەوەی ئازاری منداڵەکانم نەدات، ناچار بووم رازی بم."
دەربارەی چۆنێتیی وەرگەڕانی بەلەمەکە، هەرێم محەممەد گوتی، "هەر کە چووینە ناو ئاوەکەوە و دوو مەتر رۆیشتین، بەلەمەکە بەر دارێک کەوت و وەرگەڕا. کاتێک وەرگەڕا، هیچم نەبینی، نە منداڵ و نە کەسی دیکە. تەنیا توانیم خێزانم رزگار بکەم. رێبەرەکان کە مەلەیان دەزانی، خۆیان رزگار کرد و رایانکرد."
دوای رووداوەکە، هەرێم خۆی و خێزانەکەی دەگەیەنێتە بنکەیەکی پاسەوانی سنووری تورکیا و داوای یارمەتی دەکات. ئەو دەڵێت، "خۆم رادەستی پاسەوانی سنوور کرد و پێم گوتن، سێ منداڵم لە ئاودا خنکاون. ئەوانیش دەستبەجێ تیمی فریاگوزاری و ژێردەریاییان ئاگادار کردەوە."
هەرێم محەممەد داواکاریی ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەکات کە هاوکاریی بکەن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی منداڵەکانی بۆ کوردستان. هەروەها سوپاسی د. موسەننا ئەمین دەکات کە بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵی.
لە کۆتاییدا، هەرێم پەیامێکی ئاراستەی ئەو کەسانە کرد کە رەخنەی لێدەگرن و گوتی، "تکایە ئەوەندە ئازارمان مەدەن. من نەمزانی چارەنووسم ئاوا دەبێت. ویستم ژیانێکی باشتر بۆ منداڵەکانم دابین بکەم. جەرگم سووتاوە، تکایە واز لە قسەی نەشیاو و کۆمێنتی ئازاردەر بهێنن." هاوکات هۆشداریی دەداتە دایکان و باوکان، "وەکو من جەرگی خۆتان نەسووتێنن و بە قسەی قاچاخچییەکان هەڵنەخەڵەتێن."
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026، هەرێم محەممەد-ی تەمەن 41 ساڵ ڤیدیۆی هاوژینەکەی هۆزان رۆستەم، تەمەن 37 ساڵ و سێ منداڵەکەی بەناوەکانی هەستیار، هەریاد و مێلا کە تەمەنیان 5، 9 و 12 ساڵ بوو تۆمارکردبوو کە لە گەشتێکی ئاسمانیی دا بە فڕۆکەی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئەی جێت (AJet) بە ژمارە VF374 لە سلێمانییەوە بەرەو ئیستەنبووڵ دەچوون. لە ڤیدیۆکەدا سێ منداڵەکە بە دڵخۆشییەوە سەیری یەکدییان دەکرد.
دوای گەیشتنە ئیستەنبووڵ خێزانەکە هیواخوازبوون بگەنە یۆنان و لەوێوە بچن ببنە پەنابەر لە ئەڵمانیا، بۆ ئەوەش دەیانویست بە قاچاخی و نهێنی لە سنووری ئاویی تورکیا بپەڕنەوە بەرەو یۆنان . ئەوان بڕی 55 هەزار دۆلاریان دانابوو تاوەکو هەر کە گەیشتنە ئەڵمانیا بدرێتە قاچاخچییەکە.
هۆزان رۆستەم لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە بە گریانەوە بۆ رووداو قسەی دەکرد، ئەو ساتە ترسناکانەی بیرهێنایەوە کە بەلەمەکە وەرگەڕا.
ئەو گوتی چاوەکانی داخستووە و شایەتمانی خوێندووە، چونکە باوەڕی وابوو ئەو و تەواوی خێزانەکەی لە مردن نزیک بوونەتەوە. گوتی: "منداڵەکانم لەبەر چاوەکانی خۆمدا خنکان."
بەپێی قسەکانی رەنج پشدەری، دوو لە منداڵەکان بەهۆی شەپۆلی ئاوەوە بردران و تائێستا بێسەروشوێنن. سێیەمیان لە رووبارەکە دەرهێنراوە، بەڵام دواتر لە نەخۆشخانەیەکی ئەدیرنە گیانی لەدەستدا.
ئێستا ئەو دایک و باوکە دڵشکاوە هیوادارن تیمەکانی رزگارکردنی حکومەتی تورکیا تەرمی دوو منداڵە بێسەروشوێنەکەیان بۆ بدۆزنەوە.
ئاژانسی دەنگوباسی ئەنادۆڵی تورکیا چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت دەزگای بەهاوارچوونی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا (AFAD) لەگەڵ تیمەکانی پۆلیسی سەربازی (جەندرمە) رۆژی پێنجشەممە بەشێوەی هاوبەش ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردنیان لە ئاسمان و ئاودا بۆ دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکان کردووە.
دایک و باوکەکە ئێستا لە بنکەیەکی پۆلیس لە ئەدیرنە راگیراون. محەممەد دەڵێت، ئەفسەرانی تورکیا بە میهرەبانییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن و دەڵێت، "پۆلیسەکان زۆر باش بوون لەگەڵمان، بە رێزەوە مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن."
دایکی منداڵەکان بە گریانەوە گوتی، "تەنیا داواکاری من ئەوەیە تەرمی منداڵەکانم بگەڕێنمەوە کوردستان و لەوێ بەخاکیان بسپێرم."


