رووداو - دیجیتاڵ
لە سنووری شارۆچکەی سەنگەسەر، دوو برای منداڵ لە کاتی مەلەکردندا لە حەوزێکی باخەکەیان لە تەنیشت زێی بچووک خنکان. دوای گەڕانێکی زۆر، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانییان تەرمی هەردووکیان بدۆزنەوە و دەریبهێننەوە.
عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە رووداوی گوت: "رووداوەکە لە سنووری شارۆچکەی سەنگەسەر بووە. دوای ئاگادارکردنەوەمان، تیمەکانمان دەستیان بە گەڕان کرد و توانییان تەرمی دوو منداڵەکە بدۆزنەوە."
ئەو دوو برایەی کە خنکاون تەمەنیان زۆر بچووک بووە و ناوەکانیان بریتییە لە:
- هێمن عەبدوڵڵا: 12 ساڵ.
- هامنۆ عەبدوڵڵا: 8 ساڵ.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمەکانیان رەوانەی پزیشکی دادوەریی قەڵادزێ کراون بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و دواتر رادەستکردنەوەیان بە کەسوکاریان.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما، ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان و منداڵان روو لە زێی بچووک و چەم و رووبارەکان دەکەن بۆ مەلەکردن، بەڵام بەهۆی نەشارەزایی و قووڵیی ئاوەکەوە، زۆرجار رووداوی دڵتەزێنی خنکانی لێ دەکەوێتەوە.

