رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای سێرت لە باکووری کوردستان، 22 قوتابی بە گومانی ژەهراویبوون بە خۆراک رەوانەی نەخۆشخانە کران.
رۆژی هەینی 16ی تشرینی یەکەمی 2026، لە قوتابخانەیەکی شارۆچکەی کورتالان-ی سەر بە پارێزگای سێرت، 22 قوتابی دوای نانخواردن لە فرۆشگای قوتابخانەکە، تەندروستییان تێکچوو. قوتابییەکان بە گومانی ژەهراویبوون بە خۆراک، گەیێندرانە نەخۆشخانەی حکومیی شارۆچکەکە.
مامۆستایان، دوای ئەوەی قوتابییەکان سکاڵای سکئێشان و رشانەوەیان کردووە، پەیوەندییان بە تیمی فریاگوزارییەوە کردووە. دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس رەوانەی قوتابخانەکە کران و 22 قوتابییەکە بە ئەمبوڵانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی شارۆچکەکە.
قوتابییەکان لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن، مەترسی لەسەر ژیانییان نییە و دوای دڵنیابوون لە دۆخی تەندروستییان، لە نەخۆشخانە دەردەچن.
بەهۆی رووداوەکەوە، کەسوکاری قوتابییەکان روویان لە نەخۆشخانەکە کرد و قەرەباڵخییەکی زۆر لەبەردەم نەخۆشخانەکە دروستبوو.
بە فەرمانی داواکاری گشتیی کۆماری، تیمەکانی تەندروستیی شارۆچکەکە، نموونەی خواردن و خواردنەوەکانیان لە فرۆشگاکە وەرگرت و بۆ پشکنین رەوانەی تاقیگەکانی ئامەدی دەکەن.
خاوەن فرۆشگا و کارمەندەکانیان تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوە و دەرچوونی ئەنجامی پشکنینەکە، راگیران و فرۆشگاکەشیان داخرا.



