رووداو دیجیتاڵ
لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی لەسەر ئاستی عێراق، چیرۆکی سەرکەوتنی چەند خوێندکارێک دەبنە جێگەی سەرنج، ئەو خوێندکارانەی نەبوونی خزمەتگوزاری، ئاوارەیی و کۆچی دوایی ئازیزانیان نەبووە کۆسپ لەبەردەم خەونەکانیان و توانییان ناوی خۆیان لە ریزی یەکەمەکاندا تۆمار بکەن.
نیڤار بەختیار، کچی پێشمەرگەیەک و کۆنمرەی 100
نیڤار بەختیار، یەکێکە لەو خوێندکارانەی لە خوێندنی کوردیدا لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. باوکی نیڤار پێشمەرگەیە، بەپەلە لە دەوامەکەی گەڕاوەتەوە تاوەکو مژدەی ئەو سەرکەوتنە گەورەیە لە کچەکەی پیرۆز بکات.
نیڤار بە کۆنمرەی 100 بووەتە یەکێک لە یەکەمەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە خوێندنگەکەی ئەو (ئامادەیی شیرینی کچان) ماوەی سێ ساڵە تێکدراوە و تاوەکو ئێستا بینای بۆ نەکراوەتەوە. تاڤگە فاتیح، بەڕێوەبەری ئامادەییەکە دەڵێت، خوێندکارەکانیان بەهۆی نەبوونی بیناوە لەگەڵ دوو دەوامی دیکەدا بوون و رۆژانە رێگەیەکی دووریان بڕیوە تاوەکو گەیشتوونەتە دەوام.
کۆژین مەعروف، ئاوارەیی و سەرکەوتن لە خوێندنی عەرەبیدا
چیرۆکی کۆژین مەعروف جیاوازە، ئەو کچە کوردێکی دانیشتووی خورماتوو بووە، بەڵام دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ئاوارەی کەرکووک بوون. کۆژین لە خوێندنی عەرەبیدا توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت. ئەو کاتەی لەگەڵ خێزانەکەی بەدوای ئەنجامەکەیدا دەگەڕا، شۆکی ئەرێنی بوو کاتێک زانی ناوی لەنێو یەکەمەکانی سەر ئاستی وڵاتدایە.
روئیا حوسێن؛ سەرکەوتن بەدیار وێنەی باوکەوە
بۆ روئیا حوسێن، جەژنی سەرکەوتنەکەی تێکەڵی شکۆ و فرمێسک بوو. روئیا تەنیا شەش مانگ پێش تاقیکردنەوەکان باوکی کۆچی دوایی کرد، بەڵام رێگەی نەدا ئەو خەمە گەورەیە کۆڵی پێ بدات. ئەو ئێستا بە شانازییەوە بەدیار وێنەی باوکە کۆچکردووەکەیەوە باس لەوە دەکات چۆن توانیویەتی لەنێو یەکەمەکاندا بێت و خەونی باوکی بهێنێتە دی.
نیڤار، کۆژین و روئیا، نموونەی سەدان خوێندکاری دیکەی سەرکەوتوون لە دۆخێکی سەختی گوزەران و کێشەی خزمەتگوزارییدا، ئومێدیان لەسەر داهاتوویەکی گەش بونیاد ناوە و سەلماندیان ویست لەسەروو هەموو ئاستەنگەکانەوەیە.

