رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەڵگرتنی باج و گومرگ لەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکان، نرخی مریشک و هێلکە لە بازاڕەکاندا بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا کەرتی پەلەوەری هەرێمی کوردستان توانای پڕکردنەوەی بەشێکی گەورەی پێویستیی پارێزگاکانی عێراقی هەیە. خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانیش دەڵێن، بەرهەمهێنانی کیلۆیەک مریشک سێ هەزار دینار لەسەرمان دەکەوێت و ئەگەر ئاوابێت پەلەوەرخانەکان دادەخەین.
وەزارەتی کشتوکاڵ: کوردستان پڕکەرەوەی سەرەکیی بازاڕەکانی عێراقە
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا نرخی کیلۆیەک مریشک لە کێڵگەکان بە 2500 دینارە و نرخی کارتۆنێک هێلکەش 78 هەزار دینارە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان خاوەنی 2036 پرۆژەی پەلەوەری گۆشت و 63 پرۆژەی هێلکەیە و رۆڵێکی بنەڕەتی لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی هەموو عێراقدا دەبینێت".
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماری قەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی بۆ رووداو خستەڕوو و گوتی: "بەرهەمی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 350 هەزار تۆن؛ لەو بڕە تەنیا 150 هەزار تۆنی بۆ پێویستیی ناوخۆیە و 200 هەزار تۆنەکەی دیکە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەنێردرێت".
لەبارەی هێلکەش باسی لەوەکرد: "رۆژانە 22 هەزار کارتۆن بەرهەممان هەیە؛ تەنیا حەوت هەزار کارتۆنی لە ناوخۆدا بەکاردێت و 15 هەزار کارتۆنی رۆژانە رەوانەی شارەکانی عێراق دەکرێت".
فیراس سدیق پێویستیی سەرتاسەری عێراقی بەراورد بە بەرهەمی ناوخۆیی باسکرد و دەڵێ: "عێراق ساڵانە پێویستی بە یەک ملیۆن تۆن گۆشتی مریشکە، لە کاتێکدا بەرهەمی ناوخۆیی عێراق خۆی نزیکەی 300 هەزار تۆنە. هاوکات عێراق ساڵانە پێویستی بە هەشت ملیار هێلکەیە، بەڵام بەرهەمی ناوخۆ تەنیا سێ ملیار هێلکەیە و دوو ملیاریشی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەچێت، واتە تەواوی بەرهەمی ناوخۆ دەگاتە پێنج ملیار هێلکە و نزیکەی سێ ملیار هێلکە کورتهێنان هەیە".
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا وەرگرتنی باج و رسووماتی گومرگی لەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی وەک هێلکە، مریشک و گۆشت دوابخرێت، بەڵام دوای بڕیارەکە نرخەکان لە بازاڕدا دانەبەزین و بە پێچەوانەوە بەرزبوونەوە.
خاوەن پەلەوەرخانەکان: بەغدا لە جیاتی هاوکاری، لە بازگەکان باجمان لێدەسێنێت
لە بەرامبەر بڕیارەکەی بەغدادا، خاوەن پەلەوەرخانەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هۆشداری لە داڕمانی کەرتی بەرهەمهێنان دەدەن. بە گوتەی خاوەن پرۆژەکان، لە کاتێکدا بەغدا باج لەسەر بەرهەمی بەستووی هاوردەکراو لادەبات، لە بازگەکانی خۆیدا رێگری لە گەیاندنی بەرهەمی کوردستان دەکات.
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بۆ رووداو باسی لە تەنگژەکە کرد و گوتی: "داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەم، لە جیاتی ئەوەی باج لەسەر بەرهەمی بیانی هەڵبگرن، با ئەو باجە قورسە لەسەر بازگەکانی عێراق هەڵبگرن کە بۆ هەر لۆرییەکی بەرهەمی پەلەوەری هەرێمی کوردستان سێ بۆ پێنج ملیۆن دینار وەردەگرن، چونکە لە هەموو شوێنێک یارمەتیی کێڵگەکان و بەرهەمهێنان دەدەن، کەچی لێرە دەیانەوێ ئاسایشی ئەم وڵاتە لەناو ببەن. لە کاتێکدا هاووڵاتییانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بەرهەمی ئێمەیان زۆر پێباشترە".
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان گوتی: "ئالیک 70٪ـی تێچووی مریشک پێکدەهێنێت، ئێستا یەک تۆن ئالیک گەیشتووەتە 880 بۆ 890 هەزار دینار و بەرەو یەک ملیۆن دیناریش دەڕوات؛ ئێستا تێچووی بەرهەمهێنانی یەک کیلۆ مریشک دەگاتە سێ هەزار دینار، کەچی لە بازاڕدا بە کەمتر دەفرۆشرێت. بەم شێوەیە بڕوات، خاوەن کێڵگەکان وازدەهێنن و هۆڵەکانیان چۆڵ دەکەن، ئەو کاتەش مریشک لە بازاڕدا نامێنێت و نرخەکەی دەگاتە پێنج هەزار دینار".
ئەم کێشەیە مەترسی لەسەر 400 بۆ 500 هەزار هەلی کار لە کەرتی پەلەوەردا دروست دەکات کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشت بەم کەرتە دەبەستن.
وەزارەتی کشتوکاڵ نامەی ناڕەزایەتی دەداتە بەغدا
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری کشتوکاڵی فیدراڵ، ناڕەزایەتیی هەرێمی کوردستانی گەیاندووە و داوای پێداچوونەوەی بەپەلەی بە بڕیارەکەدا کردووە.
وەزارەتی کشتوکاڵ روونیدەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان توانایەکی گەورەی هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی عێراق، وەک چارەسەریش داوا دەکات، "پاڵپشتیی دارایی بۆ دابینکردنی ئالیک و سووتەمەنی بۆ خاوەن کێڵگەکان دابین بکرێت، سەرجەم باج و رسوومات و ئاستەنگەکانی بازگەکانی عێراق لاببرێن تاوەکو بەرهەمی هەرێمی کوردستان بە ئاسانی بگاتە سەرجەم پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق".

.jpg&w=3840&q=75)

