رووداو دیجیتاڵ
لە پازدەهەمین خولی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی عێراق - سلێمانی،
288 خوێندکار بڕوانامەیان وەرگرت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگەکەدا بەشدار بوو
و بەپێی ئامارەکانی زانکۆکە، 87%ی دەرچووان پێش ئاهەنگی دەرچوونیان کاریان دەستکەوتووە.
ئاهەنگەکە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو،
کە تێیدا پەیامێکی پێشکەش کرد و لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشوازیی لێکرا.
خوێندکارە دەرچووەکان دڵخۆشیی خۆیان دەربڕی، بەتایبەت کە
زۆرینەیان لە بوارە جیاوازەکاندا کاریان دەستکەوتووە.
پەیام ئیسماعیل، یەکێک لە دەرچووان دەڵێت، "راستەوخۆ
دوای دەرچوونم کارم دەستکەوت".
ساڤە دلاوەر، دەرچوویەکی دیکەیە و دەڵێت، "من لە بەشەکەی
خۆم کارم دەستکەوتووە".
خۆشیی دەرچوونەکە تەنیا لای خوێندکاران نەبوو، بەڵکو کەسوکارەکەشیانی
گرتبووەوە. حاجی نەعیم، داپیرەی یەکێک لە دەرچووەکان گوتی، "خۆشترین رۆژمە کە
کچەزاکەم دەرچووە و بە ئاوات گەیشتووە. پازدە، شازدە نەوەم زانکۆیان تەواو کردووە".
لەگەڵ ئەمەشدا، هەموو دەرچووان هەمان ئەزموونیان نەبووە.
سەناریا کەمال، خوێندکارێکی نابینایە و لە ماوەی سێ ساڵدا دوو بڕوانامەی لە ئەدەبی
ئینگلیزی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەدەستهێناوە، بەڵام رووبەڕووی جیاکاری بووەتەوە.
سەناریا کەمال، دەڵێت، "دوو خاوەنکار داوای کاریان لێکردم،
بەڵام کە زانییان من نابینام، پەشیمان بوونەوە".
لە ئاهەنگەکەدا، خوێندکاران لە بەشە زانستی، کارگێڕی و ئەدەبییەکان
بڕوانامەیان وەرگرت و بۆ یەکەمجار خوێندکارێک بڕوانامەی بەشی ژیریی دەستکرد و رۆبۆتیکی
بەدەستهێنا.
لە کۆتاییدا، خوێندکاران بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ، خۆشیی خۆیان
بۆ چنینەوەی بەرهەمی ماندووبوونیان دەربڕی.
زانکۆی ئەمریکی عێراق - سلێمانی زانکۆیەکی سەربەخۆیە کە لە ساڵی 2007 دامەزراوە، لە زانکۆکە خوێندن بە زمانی ئینگلیزییە و پەیڕەوی
سیستمی هونەری ئازاد (لیبڕاڵ ئارت) دەکات.

