رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق بۆ تەواوکردنی کابینەی وەزاری کۆببێتەوە؛ ئەندامێکی پەرلەمان لە فراکسیۆنی پارتی رایدەگەیێنێت، بەنگین رێکانی و رێباز حەملان بەربژێری ئەوانن، لە بەرامبەریشدا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات بۆ تەواوکردنی کابینەکەی عەلی زەیدی، دەنگ بە بەربژێری هەموو لایەنەکان دەدەن.
رۆژی شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئومێد بەرواری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی یان دووسبەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ تەواوکردنی کابینەی وەزاری ئەنجام دەدرێت".
سەبارەت بە بەربژێرانی حزبەکەشی بۆ وەزارەتەکان، ئومێد بەرواری گوتی: "بەنگین رێکانی، بەربژێری پارتییە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، هەروەها رێباز حەملانیش کە لە گەڕی یەکەمدا دەنگی نەهێنابوو، تاوەکو ئێستاش هەر ئەو بەربژێرە بۆ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێ، کێشەی یاسایی لە بەربژێرکردنەوەی رێباز حەملاندا نییە و دەڵێت: "لە رووی دەستووری و یاساییەوە هیچ رێگرییەک نییە لەوەی سەرلەنوێ بەربژێر بکرێتەوە".
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئێمە هیچ بەربژێرێکمان نییە، بەڵام دەنگ بە بەربژێری هەموو لایەنەکان دەدەین تاوەکو کابینەکەی عەلی زەیدی تەواو بێت و ئەوەی پێویست بێت دەیکەین".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد: "کێشەمان لەگەڵ هیچ لایەنێک نییە و دەنگ بە بەربژێری هەموو لایەنەکان دەدەین".
تەواوکردنی کابینەی حکومەت لە کاتێکدایە، لە دانیشتنی 14ـی ئایاری ئەم ساڵی پەرلەمانی عێراقدا متمانە بە 14 وەزیر بەخشرا، بەڵام نۆ وەزارەت بە بەتاڵی مانەوە کە بریتی بوون لە وەزارەتەکانی: خوێندنی باڵا، ناوخۆ، بەرگری، پلاندانان، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەرزش و لاوان، رۆشنبیری، کۆچ و کۆچبەران، لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.


