رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ناسنامەی ئەو سەربازەی ئاشکرا کرد کە رۆژی یەکشەممە لە بنکەی هاوپەیمانان لە هەولێر کوژرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پێنتاگۆن، ئەو سەربازە ناوی مایکڵ ئیمانوێل سوینتن، تەمەن 30 ساڵ، خەڵکی شاری فایێتڤیل بووە لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور.
سوینتن کە سەر بە فەرماندەیی مووشەکی و ئاسمانیی سوپای ئەمریکا بووە، لە کاتی هەوڵێکی "تەقاندنەوە"ـی درۆنێکی ئێرانی لە بنکەی هاوپەیمانان لە هەولێر بریندار بوو و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی پێنتاگۆن، سوینتن فەرماندەیەکی "خاوەن ئەزموون بووە و بەهۆی ئازایەتییەکەیەوە" چەندین نیشانەی رێزلێنانی وەک "ئەستێرەی برۆنزی" و "دڵی وەنەوشەیی" پێبەخشراوە.
کوژرانی ئەم سەربازە لە هەولێر، دوای کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی لە ئوردن هات، ئەوانیش تایلەر جەیمس فیهان (25 ساڵ) و ئیزابێلا گۆنزالێس (19 ساڵ) بوون کە لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران کوژران.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەربازێکی دیکەیان لە دوای هێرشەکانی ئوردن بێسەروشوێنە. سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند: "ئەمشەو زۆر بە تووندی لە ئێرانمان دایەوە، ئەوەشمان وەک رێزێک بۆ ئەو سێ نیشتمانپەروەرە مەزنە کرد کە لەوێ دەجەنگان تاوەکو ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ سەر تاران
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال نووسی: "هەر کاتێک ئێران سەربازێکی ئەمریکی بکوژێت، چەندین جار باجی ئەو کوشتنە دەدات."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم فەرمانەی بە پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ و دانیال کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپا و هەموو سەرکردە سەربازییەکان گەیاندووە.
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە جارێکی دیکە جەختی لەم هەڵوێستەی کردەوە و رایگەیاند: رێگە نادەن خوێنی سەربازەکانیان بەفیڕۆ بڕوات.
بە کوژرانی سوینتن، ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە دەستپێکی جەنگی ئێران لە 28ـی شوباتەوە کوژراون، گەیشتە 17 کەس، کە ئەم ئامارە کوژراوانی نێو شەڕ و ئەو سەربازانەش دەگرێتەوە کە لە رووداوەکانی کەوتنی فڕۆکە و هێلیکۆپتەر گیانیان لەدەستداوە.
