رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی 9ی تشرینی یەکەمی 2026 لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێکدا بە درووشمی "سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت"، سێ هاونیشتمانیی کە برا بوون، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە هێرشیان کرایە سەر و بریندار کران.
بریندارەکان ناویان نەزیر محەممەد سیراج شێخۆ (20 ساڵ)، دیار محەممەد سیراج شێخۆ (16 ساڵ) و محەممەد محەممەد سیراج شێخۆ (19 ساڵ). بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە، ئۆتۆمبێلەکەیان کە ئاڵای کوردستانی پێوەبووە، لە نزیک بازنەی پیشەسازی (دوار الصناعە) هێرشی کراوەتە سەر.
دیار، بە گولـلە نزیک حەوزی بریندار بووە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە، بەڵام سێ گولـلەی دیکە لە پشتیدایە و پێویستی بە نەشتەرگەریی دیکەیە. نەزیر، گولـلەیەکی بەرکەوتووە و چاوەڕێی نەشتەرگەری دەکات. محەممەدی برایان، لە پشت و دەموچاوی دراوە.
رووداوەکە لە کاتێکدایە کە چەند رۆژێکە گرژی و ئاڵۆزی لە حەسەکە هەیە و بانگەواز بۆ خۆپێشاندان دژی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ژمارەیەک گەنجی بەشدار لە خۆپێشاندانەکاندا، کە لە گەڕەکەکانی غوێران، نەشوە و عەزیزییەوە دەستیان پێکردبوو، هێرشیان کردووەتە سەر گەڕەکە کوردنشینەکان و تابلۆی سەندیکای پارێزەران و پیشەوەران، وێنەی شەهیدان و هێما کوردییەکانیان دڕاندووە. هەروەها هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاونیشتمانییان و زیانیان بە ئۆتۆمبێل و ماڵەکانیان گەیاندووە.

