رووداو دیجیتاڵ
تیمی رادیۆی (رۆژئاڤا
ئێف ئێم) لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکی رۆژنامەڤانیی خۆیان لە گەڕەکی ساڵحیەی شاری حەسەکە،
رووبەڕووی هێرشێکی چەکداری بوونەوە. لە ئەنجامی هێرشەکەدا، یەکێک لە کارمەندانی تیمەکە
بریندار بوو.
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆکە
کە لە هەژماری فەرمیی خۆیاندا بڵاویان کردووەتەوە، ئەو هاوکارەیان گواستراوەتەوە بۆ
یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شارەکە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە؛ ئێستا تەندروستیی باش و جێگیرە.
چەکدارەکان دوای ئەنجامدانی
هێرشەکە، ئۆتۆمبێلی تیمەکەیان بردووە و بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
ڤیڤیان فەتاح،
پەیامنێری رووداو لە حەسەکە گوتی: ئێستا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ خەریکی بەدواداچوونن
بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکانی ئەم رووداوە و دۆزینەوەی بکەرانی.
رادیۆی رۆژئاڤا، لە ساڵی 2012 دامەزراوە و ئێزگەیەکی هەواڵی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، میۆسیقی و رۆشنبیرییە، بە زمانی کوردی و چەند زمانێکی دیکە پەخش دەکات.
چەند رۆژێکە بەشێک لە دانیشتووانی حەسەکە (کورد
و عەرەب بە جیا) دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و کوردانی شارە کوردستانییەکە داوای
خزمەتگوزاری دەکەن و عەرەبەکانیش، داوای چەسپاندنی تەواوەتیی دەسەڵاتی حکومەتی
سووریا دەکەن لە شارەکە.


