رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، گەنمی وەرگیراو لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 385 هەزار تۆن و ئەمڕۆ وەرگرتن کۆتایی دێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەنمی وەرگیراو تاوەکو دوێنێ گەیشتووەتە 385 هەزار و 367 تۆن و 680 کیلۆ."
بەگوێرەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، گەنمی وەرگیراو لە پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە: 150 هەزار و 51 تۆن و 400 کیلۆ.
پارێزگای هەولێر: 120 هەزار و 673 تۆن و 960 کیلۆ.
پارێزگای دهۆک: 114 هەزار و 642 تۆن و 320 کیلۆ.
نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "کاژێر 12:00ـی ئەمشەو، دەرگای سایلۆکان بۆ وەرگرتنی گەنم دادەخرێت و کاتەکە درێژ ناکرێتەوە."
بەگوێرەی حکومەتی عێراق، پشکی وەرگرتنی گەنم بۆ چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (ناو پلان و دەرەوەی پلان) بەمشێوەیەیە:
پارێزگای سلێمانی: 150 هەزار و 209 تۆن.
پارێزگای هەولێر: 122 هەزار و 680 تۆن.
پارێزگای دهۆک: 116 هەزار و 408 تۆن.
پارێزگای هەڵەبجە: 11 هەزار و 28 تۆن.
12ـی حوزەیرانی 2026، وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و دواتریش لە سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلانە و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەردەگیرێت.
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ساڵی 2025 کەمیکردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک.


