رووداو - دیجیتاڵ بەرەبەیانی رۆژی هەینی، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە موشەک و درۆنی بۆمبڕێژ هێرشێکی چڕی کردە سەر بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە زرگوێزەڵە و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنووری سلێمانی. بەهۆی هێرشەکەوە 9 پێشمەرگە شەهید بوون و دووی دیکەش بە سەختی بریندار بوون؛ دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت هێرشەکە بە 7 موشەک ئەنجامدراوە. دوکەڵی ئاگرێکی بەتین ئاسمانی ناوچەکەی تەنی و دانیشتووانی زرگوێزەڵە و بەشێکی سلێمانی بە دەنگی تەقینەوەکان راچڵەکین. ئیدریس کڵاودروزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بە رووداوی راگەیاند: "هێرشێکی چڕی موشەکی بوو بۆ سەر بارەگاکانمان لە زرگوێزەڵە؛ هەموو ئەو جێگەیانەی رژێم گومانی هەبوو کە لێی بین بۆردومانی کردووە، توانیمان تەرمەکان لە شاخەکە بهێنینە خوارەوە." ئەو پێشمەرگانەی لەم هێرشەدا شەهید بوون، زۆربەیان تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 25 ساڵیدا بوو و تەنیا دوو مانگ بوو لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە روویان لە باشوور کردبوو. ئەوان لە کاتی خەودا کرانە ئامانج و ناوەکانیان بریتییە لە: (سیاوان نیکی، ئەحمەد مەحمودی، فەرهاد قەمەری، رەزا سادقی، سینا سەفەری، سروش نەسری، کەسرا رەحمانژاد، یاسین کیانپوور و زەکەریا فەقێ حەسەن). شەهیدەکان خەڵکی شارەکانی بۆکان، مەهاباد و مەریوان بوون. فراوانیی هێرشەکان هێرشەکە تەنیا زرگوێزەڵەی نەگرتەوە؛ شەش کاژێر دوای بۆردومانی یەکەم، کەمپی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە "شلە سوورداش" بە دوو موشەک بۆردومان کرا، کە هەرچەندە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری دروست کرد. عەلی رەنجبەری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمجارە هێرشەکە جیاواز بوو: "بۆردومانەکە چڕ و جیاواز بوو، چونکە لە یەک کاتدا بە موشەک و درۆن هێرش کرا؛ بارەگاکانمان وێران کران و دانیشتووانی ناوچەکەش زیانیان بەرکەوت." ئاماری دەزگای ئاسایش و زیانە ژینگەییەکان دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە بەرەبەیانی هەینی بە 7 موشەک هێرش کراوەتە سەر گوندی زرگوێزەڵە، گردی کۆبانی لە قەرەداغ و گوندی قسردی لە سنووری سلێمانی. جگە لە زیانە گیانی و ماددییەکان، رووبەرێکی فراوانی دارستان و پاوانی قەرەداغ و زرگوێز بەهۆی بۆردومانەکانەوە سووتان. پوختەی زیانەکانی هێرشەکە: - شەهید و بریندار: 9 شەهید و 2 برینداری سەخت. - موشەک و درۆن: بەپێی ئاسایش 7 موشەک ئاراستە کراون. - ناوچەکان: زرگوێزەڵە، قەرەداغ، قسردی و سوورداش. - زیانی ژینگەیی: سووتانی رووبەرێکی فراوان لە دارستانی ناوچەکە.