رووداو دیجیتاڵ
لە رێگەی دادگەوە کێشە بۆ دوو هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵیی جووتیارانی کورد لە سنووری قەزای خورماتوو دروست دەکرێت؛ عەرەبە هاوردەکان بە پشتبەستن بە گرێبەستەکانی سەردەمی بەعس لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوو، سکاڵایان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو زەوییانە تۆمار کردووە.
ئەو زەوییانە دەکەونە نێوان هەردوو ناوچەی "تەپە سەوز"ی کوردنشین و گوندی "حلێوە" کە دانیشتووانەکەی عەرەبن لە سنووری قەزای خورماتوو لە پارێزگای سەلاحەدین.
محەممەد عاسی، نوێنەری جووتیارانی تەپە سەوز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی 5ی تشرینی یەکەمی 2026، تیمێکی دادگە بە یاوەریی رووپێوی شارەوانی چوونەتە شوێنی ئەو دوو هەزار دۆنمە، ئەمەش وەک بەشێک لە رێکارەکانی ئەو سکاڵایانەی کە ژمارەیەک لە عەرەبە هاوردەکان بۆ داگیرکردنەوەی زەوییەکان تۆماریان کردووە."
ئەو دوو هەزار دۆنمە لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو بە پاساوی دروستکردنی فڕۆکەخانەیەکی سەربازی لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە کورد داگیرکرابوون و کرابوونە ناوچەی قەدەخەکراو، بەڵام لە دوای لەکارکەوتنی فڕۆکەخانەکە لە نەوەتەکاندا، زەوییەکان لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریب و بە شێوەی گرێبەستی کشتوکاڵی بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەشکران.
بە گوتەی نوێنەری جووتیارانی ناوچەکە، دوای ساڵی 2003 خاوەنە رەسەنەکانیان گەڕاونەتەوە سەر زەوییەکانیان و کاری تێدا دەکەن، بەڵام عەرەبە هاوردەکان لەم دواییانەدا لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵەوە حەوت گرێبەستی کۆنیان نوێ کردووەتەوە و لەسەر ئەو بنەمایەش سکاڵایان تۆمار کردووە.
یاسین داوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم هەنگاوەی عەرەبەکان دوای ئەوە هات کە پۆستی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خورماتوو لە کورد وەرگیرایەوە و درایە پێکهاتەی عەرەب؛ لەگەڵ بەڕێوەبەری کشتوکاڵی تکریت لەوبارەیەوە قسە کراوە و بڕیارە لەگەڵیان کۆببێتەوە."
لە 26ی ئەیلوولی 2024ـدا، پۆستی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خورماتوو لە حوسێن عەلی (کە کوردە) وەرگیرایەوە و درایە عەرەبێکی سوننە.
قەزای خورماتوو یەکێکە لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی ماددەی 140ی دەستووری عێراق، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشوودا رووبەڕووی گۆڕینی دیمۆگرافیا و داگیرکردنی زەویوزاری هاووڵاتییانی کورد بووەتەوە.




