رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەهۆی دۆخی ئەمنی و جەنگەوە چوونی گرووپە گەشتیارییەکان بۆ ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و هاونیشتمانییان زیاتر روویان لە شارەکانی باکووری کوردستان کردووە، کە تێچووەکەی لەنێوان 150 بۆ 250 دۆلاردایە.
عەتا ئەنوەر، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی جەنگ و دۆخی نائارامی ناوچەکەوە، ئێستا گەشتی گرووپەکان بۆ ئێران کەمبوونەتەوە و خەڵک زۆرتر روویان لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیایە."
بە گوتەی عەتا ئەنوەر، ساڵانە زۆرترین گەشتیاری هەرێمی کوردستان بە گرووپ و بە تاک روو لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکەن، پاشان وڵاتانی مالیزیا، تایلەند، ئازەربایجان و ئێران دێن.
سەبارەت بە تێچووی گەشتەکان بۆ تورکیا و باکووری کوردستان، عەتا ئەنوەر گوتی: "گەشت بۆ ئیستەنبووڵ لە 450 دۆلارەوە دەستپێدەکات، بەڵام بۆ باکووری کوردستان (وەک وان، ئامەد و دەوروبەری) کە بە پاس رێکدەخرێت و زیاتر لە دهۆکەوە دەستپێدەکات، بۆ ماوەی چوار رۆژ و سێ شەو بە مانەوەی هۆتێل و هاتووچۆوە، تێچووەکەی لە 150 دۆلارەوە دەستپێدەکات."
لەلایەکی دیکەوە، شێرزاد زراری، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان بە رووداوی راگەیاند: "نرخی گەشت بۆ باکووری کوردستان بەگوێرەی خزمەتگوزاری و شارەکان دەگۆڕێت؛ کە بە نزیکەیی لە 250 دۆلارەوە دەستپێدەکات."
ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان یەکێکن لە شوێنە هەرزان و پڕ خواستی گەشتیارانی باشووری کوردستان کە تێچووی هەفتەیەک گەشت نزیکەی 150 دۆلار و بۆ رۆژهەڵاتی کوردستانیش کەمتر لە 100 دۆلارە، بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی کۆمپانیاکان، پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە وایکردووە ئاراستەی گەشتەکان بەرەو باکووری کوردستان و تورکیا بگۆڕێت.



