رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆنسووڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا کرد و سوپاسی پشتیوانییەکانی بەرلینی بۆ هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەت لە شەڕی دژی داعشدا. کۆنسووڵی نوێی ئەڵمانیاش رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت.
پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە (6ی تشرینی یەکەمی 2026)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، پێشوازی لە کریستیان ئۆلفکێ، کۆنسووڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کریستیان ئۆلفکێ کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواستووە. هەروەها "ئامادەییی خۆی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاری و سەرخستنی ئەرکەکەی دەربڕی."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی بۆ هاوکاری و پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئەڵمانیا دووپاتکردووەتەوە، بەتایبەتی لە شەڕی دژی داعش و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، لەگەڵ یارمەتییە سیاسی و مرۆییەکانی ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا وێڕای سوپاسکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەختی لە خواستی بەرلین بۆ "پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان و برەودان بە هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان" کردووەتەوە. هاوکات رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی بەرز نرخاندووە.
تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە بەگشتی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا بوو.
.jpg&w=3840&q=75)

