رووداو - دیجیتاڵ ژنێکی تەمەن 52 ساڵ لە کوێستانی کۆدۆ لە سنووری حاجی ئۆمەران، لەکاتی گەشت و سەیراندا لەسەر تاشەبەردێکی گەورە کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا. بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان دەڵێت، ژنەکە بۆ مەبەستی وێنەگرتن چووەتە سەر بەردەکە و دوای کەوتنەخوارەوەی، شوێنەواری برینی گەورە بە سەریەوە بووە. ژنەکە ناوی (سوورم باپیر)ە و نیشتەجێی گەڕەکی بەختیارییە لە شاری سۆران. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ خێزانەکەی بۆ بەسەربردنی کاتی خۆش چووبوونە کوێستانی کۆدۆ، بەڵام گەشتەکەیان گۆڕا بۆ کۆست. دکتۆر ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان بە رووداوی راگەیاند: "ئەو کاتەی ژنەکە گەیەندرایە نەخۆشخانەی چۆمان، گیانی لەدەستدابوو. شوێنەواری برینی قووڵ و گەورە بە سەریەوە دیار بوو، کە بەهۆی بەرکەوتنی بە تاشەبەردەکان دروستببوو." بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان ئاماژەی بەوەش کرد کە تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادوەریی سۆران کراوە تاوەکو لێکۆڵینەوەی وردتر لەسەر هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بکرێت. ساڵانە لە وەرزی بەهار و هاویندا، گەشتیارێکی زۆر روو لە کوێستانەکانی باڵەکایەتی دەکەن، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بەردەوام هۆشداری دەدەنە هاونیشتمانییان لە کاتی سەرکەوتن بۆ شوێنە بەرز و مەترسیدارەکان وریای پاراستنی گیانی خۆیان بن تاوەکو گەشتەکانیان بە سەلامەتی کۆتایی بێت.