رووداو دیجیتاڵ لە گوندی تەپەسەوزی سەر بە قەزای خورماتوو، جووتیارانی کورد رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بوونەتەوە و ترس و دڵەڕاوکێ ژیانی لێ تێکداون، بەهۆی ئەوەی عەرەبی هاوردە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان دەدەن. جابر حەمید، جووتیارێکی گوندی تەپەسەوزە و خۆی و 10 برای سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار کراوە و بە ملیۆنێک دیناریش سزا دراون، لەکاتێکدا تاپۆی زەوییەکانیان بۆ پێش ساڵی 1975 دەگەڕێتەوە. جابر حەمید، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو ساڵێک لە کاتی چاندندا پۆلیس و دادوەر دێن بۆ ئەوەی رێگریمان لێ بکەن، حکومەتیش پێمان دەڵێت تۆو مەکەن." دۆخەکە لە گوندەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە 26 جووتیار بەپێی مادەی 413ی یاسای سزادانی عێراقی داواکراون و ئەوانەش کە سکاڵایان لەسەر نییە، ترسی دەستگیرکردنیان هەیە. برهان حەمید، جووتیارێکی دیکەی گوندەکەیە و دەڵێت، "سکاڵایەکم لەسەرە کە 20 ملیۆن دینار غەرامەکەیەتی، سکاڵایەکی دیکەشم لەسەرە گوایە شەڕم کردووە، بەڵام من شەڕم نەکردووە و ئەوە درۆیە." ململانێی زەویوزار لە ناوچەکە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 سەریهەڵدایەوە، کە تێیدا عەرەبە هاوردەکان بە پشتبەستن بە گرێبەستی سەردەمی رژێمی بەعس، هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 2000 دۆنم زەویی جووتیارانی کورد دەدەن. گەیلان کاکەخان، یەکێکی دیکە لە جووتیارەکانە و دەڵێت، "هەموو رۆژێک کۆمەڵێک عەرەب لەگەڵ هێزێکدا دێنە سەر گوندەکەمان و دەیانەوێت زەوییەکانمان لێ زەوت بکەن، ئێمەش بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین، ئەگەر هەمووشمان بکوژرێین." ئەوەی دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە، گۆڕانکارییەکی ئیدارییە کە بەم دواییانە کراوە؛ بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خورماتوو کە پێشتر کورد بوو، گۆڕدراوە و عەرەبێک لە شوێنی دانراوە کە خەڵکی هەمان ئەو گوندەیە کە سکاڵایان لەسەر جووتیارە کوردەکان تۆمار کردووە.