رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێرشە بێ پاساوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین و بەردەوامی ئەم هێرشانە، سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە تێک دەدات".
چەند رۆژێکە چەندین هێرشکراونەتە سەر سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی.
لە سنووری سلێمانی هێرشکرایە سەر بارەگای کۆمەڵی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان و حیزبەکە رایگەیاند، "9 پێشمەرگەمان شەهیدبوون و سێی دیکەیش بریندار بوون".
دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ 8 درۆن لە ئاسمانی پارێزگای هەولێر لەلایەن هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون.
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین، کۆتایی بەم هێرشانە بهێنێت و داوا لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکەین سنوورێک بو ئەم پێشێلکارییانە دابنێن".
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە 904 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. لە ئەنجامدا 30 شەهید و 138 بریندار هەن.
ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیە بوون:
- پارێزگای هەولێر: 617 هێرش
- پارێزگاکانی سلێمانی: 254 هێرش
- پارێزگای دهۆک: 31 هێرش
- پارێزگای هەڵەبجە: 2 هێرش



