رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، عەلی بایباش، هاووڵاتیی تەمەن 77 ساڵ کە بەهۆی کێشەی یاساییەوە بۆ ماوەی 40 ساڵ لە شاری مەککە گیری خواردبوو، گەڕێندراوەتەوە بۆ تورکیا و بە مەبەستی چارەسەرکردن گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی حکوومی لە شاری ئیستەنبووڵ.
عەلی بایباش، کە خەڵکی گوندی کاڤاکی سەر بە پارێزگای سێواسە لە باکووری کوردستان، نزیکەی 40 ساڵ لەمەوبەر بۆ کارکردن چووەتە سعوودیە، بەهۆی ئامادەنەبوونی لە دانیشتنەکانی دادگە لەسەر کەیسێک کە لە دژی کرابووەوە، رووبەڕووی قەدەخەی چوونەدەرەوە لە وڵات و رێکاری یاسایی بووەوە و بۆ ماوەی یەک ساڵیش زیندانی کراوە.
عەلی بایباش لەسەر شەقامەکانی مەککە دەژیا و لەمساڵدا لەلایەن حاجیانی تورکیاوە دۆزرایەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی دۆخەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە رێگەی باڵیۆزخانەی خۆی لە ریاز و کۆنسووڵخانەی گشتی لە جەددە، رێکارەکانی دەستپێکرد و قەدەخەی چوونەدەرەوەی لەسەر لادرا.
عەلی بایباش لەبارەی دۆخی خۆی رایگەیاند: "من بۆ کارکردن چووم، بەڵام دواتر زۆر شت روویاندا. لە کۆتاییدا خرامە زیندانەوە، لەوێ تووشی ئەم نەخۆشییە بووم. یەک ساڵ لە زیندان بووم و دوو ساڵیشە ئازاد کراوم. سوپاسگوزارم کە گەڕامەوە سەر خاکی خۆم."
روکیە تۆی، پەرلەمانتاری سێواس لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کە پێشوازی لە بایباش کرد، رایگەیاند: "ئێمە دڵخۆشین بە گەڕاندنەوەی بۆ وڵاتەکەی. پێویستی بە چارەسەری جەستەیی و دەروونی هەیە و بۆ چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە."
عەلی بایباش لە ساڵی 1986 بە مەبەستی کارکردن رووی لە سعودیە کردبوو، بەڵام بەهۆی تۆمارکردنی داوایەکی یاسایی لە دژی و ئامادەنەبوونی لە بەردەم دادگە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعوودییەوە قەدەخەی گەشتکردنی خرایە سەر و ناسنامەکەی دەستی بەسەردا گیرا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بۆ ماوەی 40 ساڵ نەتوانێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی.

