رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ورمێ دەست بەسەر زیاتر لە 600 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا؛ فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، پەیوەست بە دۆسیەکە حەوت قاچاخچی و 156 وردە فرۆشی مادەکە دەستگیر کراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30-09-2026، جەمال سەلمانی، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە چوار شەو و رۆژی رابردوودا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە سنووری پارێزگاکە بەڕێوەبردووە.
بەگوتەی جەمال سەلمانی، لەو ماوەیەدا تیمەکانیان دەستیان بەسەر 616 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆر و زیاتر لە حەوت هەزار حەبدا گرتووە.
فەرماندەی پۆلیسی ورمێ ئەوەشی خستەڕوو، بەگشتی چوار باندی قاچاخچیی مادەی هۆشبەر هەڵوەشێنراونەتەوە و پەیوەست بە دۆسیەکە حەوت بازرگانی مادەکە، 156 وردە فرۆش و 286 ئالوودەبوو دەستگیر کراون.
هاوکات دەست بەسەر 15 ئۆتۆمبێلیشدا گیراوە کە وەک جەمال سەلمانی دەڵێت، بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بەکارهێنراون.
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان وەک شوێنێکی ترانزێت بۆ قاچاخی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنرێت.
بەگوێرەی پۆلیسی پارێزگای ورمێ، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 25ـی تەممووز، لانیکەم دەست بەسەر 1.5 تۆن مادەی هۆشبەری جۆراوجۆر لە سنووری پارێزگاکەدا گیراوە.



