رووداو - دیجیتاڵ دانیشتووانی گوندە کوردییەکانی باکووری کەرکووک بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەپۆلی کڕینیزەوی و خانوو لەلایەن عەرەبی پارێزگاکانی دیکەوە، پەنایان بۆ پێکهێنانی "ئەنجوومەنی راوێژ" بردووە. تەنیا لە گوندی حەساری گەورە، ئەنجوومەنێک پێکهێنراوە کە رێگری لە فرۆشتنی زەوی بە کەسانی نامۆ دەکات و نووسینگەکانی خانووبەرەش بێ پرسی ئەنجوومەنەکە مامەڵە ناکەن. ئێستا لە گوندی حەساری گەورە، ژمارەیەکی زۆر خێزانی عەرەبی پارێزگاکانی دیکە نیشتەجێ بوون. ئەدەد سالم، خەڵکی پارێزگای نەینەوایە و ماوەی پێنج ساڵە لەگەڵ براکانی لەو گوندە نیشتەجێن. ئەو کە خانووی بەکرێ گرتووە و هەوڵی کڕینی زەویش دەدات، دەڵێت: "لێرە ئیشوکار باشە و دۆخەکە ئارامە، بۆیە حەزمان لێرەیە." بەڵام ئەم کۆچی نیشتەجێبوونە، خەڵکی رەسەنی گوندەکەی نیگەران کردووە. یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژ لە حەساری گەورە بە بەشداریی 8 نوێنەری بنەماڵەکانی گوندەکە بەڕێوەچوو. ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی ئەو دۆخەیە کە بووەتە هۆی هاتنی ژمارەیەکی زۆری خێزانی نامۆ و کڕینی زەوی و باخ لەلایەن عەرەبی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق. محەممەد حاجی عەلی، موختاری گوندی حەساری گەورە و ئەندامی ئەنجوومەنەکە، بە رووداوی راگەیاند: "لە هەر بنەماڵەیەک کەسێکمان داناوە بۆ ئەوەی رێگری لەم کێشەیە بکەین. کێشەکە ئەوەیە خەڵک زەوی دەفرۆشێت؛ کابرایەکی عەرەب هاتووە حەوت باخی کڕیوە، بە بەڵگەوە دەڵێم کە چ لایەن و کەسێک پشتگیریی دەکەن. بۆچی من کە خەڵکی حەسارم ناتوانم باخێک لە گوندەکەی خۆم بکڕم؟" بەپێی زانیاریی نووسینگەکانی خانووبەرە، لەکۆی هەر 10 مامەڵەیەکی کڕینی زەوی و خانوو لەو ناوچە کوردییانە، زیاتر لە سێ کڕیاریان عەرەبی پارێزگاکانی دیکەن. رەوەند عەلی، خاوەنی نووسینگەیەکی کڕین و فرۆشتنی زەوییە و دەڵێت: "هەماهەنگیی تەواومان لەگەڵ ئەنجوومەنی گوندەکە هەیە، بە رەزامەندیی ئەوان زەوی و خانوو دەفرۆشرێت، بەتایبەت لە گوندەکانی حەسار و گۆڵدەرە." فراوانبوونی ئەنجوومەنەکان ئەو هەوڵەی لە حەساری گەورە دەستیپێکردووە، بڕیارە گوندەکانی دیکەی سنووری شوان و ساڵەییش بگرێتەوە. ئێستا لە دەرەوەی گوندەکان، گەڕەک و گوندی نوێ لە شێوەی باخی خێزانی دروست دەکرێن کە زۆربەیان بۆ نیشتەجێبوونی ئەو کەسانەیە کە خەڵکی ناوچەکە نین، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە یان تەعریب بە نێوی کڕین و فرۆشتن دەبینرێت.