رووداو دیجیتاڵ
دۆسیەی کوشتنی گەنجێکی 22 ساڵان لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان کە ماوەی 10 ساڵ بوو وەک تاوانێکی نادیار مابووەوە، لە رێگەی پشکنینی پێشکەوتووی بۆماوەیی بۆ سەر پاشماوەی جگەرەی جێماو لە شوێنی رووداوەکە ئاشکرا کرا و 8 تۆمەتبار دەستگیرکران.
ئەکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا، لە رێگەی هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، "بە هاوئاهەنگیی سەرۆکایەتیی فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە نادیارەکان، توانراوە بکەرانی کوشتنی (محەممەد ئەمین کارائاڵپ) بدۆزرێنەوە کە لە 18ـی نیسانی 2016 لە شارۆچکەی چەرمووکی سەر بە ئامەد کوژرابوو."
گورلەک باس لەوە دەکات کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە پاشماوەی ئەو جگەرانەی 10 ساڵ لەمەوبەر لە شوێنی تاوانەکە کۆکرابوونەوە، بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دووبارە پشکنینیان بۆ کرا؛ دوای هاوتاکردنی ناسنامەی تۆمەتباران دیاریکرا. لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتدا 8 کەسیان بە تۆمەتی ئەنجامدان و هاوکاریکردن لە تاوانەکەدا دەستگیرکرد.
لە باکووری کوردستان و تورکیا، هەزاران دۆسیەی کوشتن لە نێوان ساڵانی 1990 تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵانی 2010 بەهۆی نەبوونی بەڵگەی تەکنەلۆژیی پێشکەوتوو یان ئاڵۆزیی بارودۆخی ئەمنی بە نادیاری ماونەتەوە.
لە نیسانی 2026، وەزارەتی داد بۆ هەڵدانەوەی ئەو دۆسیانە، (سەرۆکایەتیی فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی بکوژی نادیار)ـی دامەزراند. لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا 638 دۆسیە لە 75 شاری تورکیا و باکووری کوردستان هەڵدراونەتەوە.


