رووداو دیجیتاڵ
تەنیا لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە هەولێر 74 منداڵ تووشی نەخۆشیی شەکرە بوونە و پزیشکانیش هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی ژمارەی تووشبووان، بەتایبەتی شەکرەی جۆری دووەم کە پەیوەستە بە شێوازی ژیان و خۆراکە.
ئیمان رێبین، گەنجێکی تەمەن 17 ساڵانە و ماوەی شەش ساڵە تووشی شەکرەی جۆری یەک بووە. ژیانی بە دەرزیی ئەنسۆلینەوە گرێدراوە، کە بووەتە تاکە رزگارکەری. ئیمان دەڵێت، "یەکەمجار کە تووش بووم، خۆمم لێ دەشاردەوە و دەترسام دەرزییەکە بەکاربهێنم، بەڵام ئێستا لەگەڵی راهاتووم."
دۆخی ئیمان باری سەر شانی خێزانەکەی قورستر کردووە. بۆکان جەعفەر، دایکی ئیمان، باس لە خەرجییەکان دەکات و دەڵێت، "مانگانە نزیکەی 200 هەزار دینارمان بۆ ئەنسۆلین دەڕوات، جگە لە ئامێری پشکنین کە نرخەکەی لەنێوان 10 بۆ 15 هەزار دیناردایە. ئەمە بارێکی قورسە، بەتایبەتی کە باوکیشی نەخۆشە."
رۆهای هەشت ساڵانیش یەکێکە لەو منداڵانەی کە ئەمساڵ تووشی شەکرە بووە. رێباز محەممەد، باوکی رۆها، دەڵێت، "وەک مۆتەکە وایە. خواردنی کێک و چپس و شەکرەمەنییەکان دەبنە هۆکاری بەرزبوونەوەی شەکرەکەی. زۆر ناخۆشە کاتێک منداڵانی دیکە دەیخۆن و ئەو ناتوانێت بیخوات."
بەپێی قسەی پزیشکان، باوترین جۆری شەکرە لەنێو منداڵان و هەرزەکاراندا جۆری یەکە کە چارەسەری سەرەکیی بریتییە لە دەرزیی ئەنسۆلین. لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەی تووشبووانی جۆری دووەم لە بەرزبوونەوەدایە.
دکتۆر لانە ئەحمەد، پسپۆڕە لە نەخۆشیی شەکرە لە منداڵان و هەرزەکاران، هۆکارەکەی بۆ شێوازی ژیانی ناتەندروست دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "هەندێک منداڵ هەن خواردنی ماڵەوە ناخۆن و بەردەوام خواردنی دەرەوە دەخۆن. هەروەها خواردنەوە گازییەکان و بەکارهێنانی زۆری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیش هۆکارن."
لە سەنتەری گەلیاوە بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە لە هەولێر، تاوەکو ئێستا نزیکەی 2000 منداڵی دانیشتووی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون کە پێویستیان بە چارەسەر و چاودێریی بەردەوام هەیە.
دکتۆر مەهدی حەمەدئەمین، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە شەکرەی جۆری دووەم لە منداڵاندا زۆرجار بە گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان، دابەزاندنی کێش و رێکخستنەوەی خۆراک چارەسەر دەکرێت، بۆیە رەنگە هەموو حاڵەتەکان تۆمار نەکرێن.

