رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ هەموو بەشەکان راگەیاند. قوتابیان دەتوانن لە رێگەی لینکێکی فەرمییەوە نمرەکانیان وەربگرنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 09ـی تەممووزی 2026، لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2025 - 2026 بڵاوکردەوە. بەپێی راگەیێندراوی وەزارەت، قوتابیان دەتوانن لە رێگەی لینکی (ماڵپەڕی ئەزموونەکان)ـەوە ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە.
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، دوای یەک کاژێر لە راگەیاندنی ئەنجامەکان، قوتابیان دەتوانن پەڕەی وەڵامەکانیان (سۆما) لە رێگەی لینکی (soma.azmwnakan.com) ببینن، بۆ ئەوەی لە وردەکاریی نمرەکانیان دڵنیا ببنەوە.
پێشتر سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، ئەمڕۆ ئەنجامەکان رادەگەیێندرێن و ئەم ساڵ نمرەی قەرەبوو بۆ قوتابیان هەژمار کراوە. بەپێی زانیارییەکان، قوتابیانی بەشی زانستی 10 نمرە و قوتابیانی بەشی وێژەیی 4 نمرەیان وەک قەرەبوو بۆ هەژمار کراوە.
هۆکاری پێدانی ئەو نمرە زیادانە بۆ بوونی هەڵە لە هەندێک پرسیاری تاقیکردنەوەکان دەگەڕێتەوە. سەرچاوەکەی پەروەردە ئاماژەی بەوە کردبوو کە لە وانەکانی بایلۆجی، کیمیا و عەرەبی، نزیکەی 5 پرسیار بە هەڵە هەژمار کرابوون، بۆیە بڕیاردرا ئەو نمرانە وەک قەرەبوو بۆ هەموو قوتابیان زیاد بکرێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە 117 هەزار و 142 قوتابی لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان بەشداری تاقیکردنەوەکانیان کردووە. 19 هەزار و 403 مامۆستا و فەرمانبەر وەک دەستەی کارگێڕی هۆڵەکان دانرابوون، کە پێکهاتوون لە 12 هەزار و 18 چاودێر، 2,003 بەڕێوەبەری هۆڵ، 2,003 یاریدەدەری بەڕێوەبەر، 1هەزار و 376 سەرپەرشتیار و 2,003 کارمەندی خزمەتگوزار.




