رووداو دیجیتاڵ
بازوایا لە قەزای باشیک لە سنووری دەشتی نەینەوا جیادەکرێتەوە و دەکرێتە ناحیە. ئەم هەنگاوە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بووەتە جێی مشتومڕ؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارەکە بە "پێچەوانەی دەستوور" دەزانێت و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش پشتیوانی دەکات.
غەزوان داودی، جێگری پارێزگاری نەینەوا، رۆژی پێنجشەممە، 9ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا نووسراوی فەرمی ئاراستەی وەزیری پلاندانانی عێراق کردووە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی دروستکردنی ناحیەی بازوایا.
نووسراوەکەی پارێزگاری نەینەوا، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، پاڵپشتە بە بڕیاری ژمارە 168ی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، کە لە 30ی حوزەیرانی 2026 دەرچووە، بە ئامانجی بەهێزکردنی "خزمەتگوزارییە کارگێڕییەکان و رێکخستنەوەی ناوچەکە".
پارتی: بڕیارەکە پێچەوانەی ماددەی 140ـە
ئەحمەد کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی پێنجشەممە، 9ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دروستکردنی ئەم ناحیەیە پێچەوانەی ماددەی 140ی دەستووری عێراقە. تاوەکو ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکرێت، نابێت دەستکاری هیچ یەکەیەکی کارگێڕی لەو ناوچانەدا بکرێت."
یەکێتی: کۆمەڵێک کێشە چارەسەر دەکات
لەلایەکی دیکەوە، محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، پشتیوانی فراکسیۆنەکەی بۆ بڕیارەکە دەربڕی و ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێمانوایە ئەم بڕیارە کۆمەڵێک کێشە چارەسەر دەکات، لەوانە کەمکردنەوەی هەژموونی هەندێک پێکهاتە لە سەنتەری بەرتلە و حەمدانیە."
کاکەیی ئاماژەی بەوەش کرد کە ناحیەکە دەبێتە پێکهاتەیەکی کوردی شەبەک و گوتی: "لەوێ سەرووی 30 هەزار پارچە زەوی هەیە، کە حکومەت دەتوانێت بەسەر فەرمانبەراندا دابەشیان بکات، بۆیە پشتیوانیمان کردووە."
مێژووی کارگێڕی بازوایا
بەگوێرەی مێژووی کارگێڕی ناوچەکە:
- لە 2ی ئابی 1972 بە فەرمانی کۆماریی ژمارە 341، بازوایا ناحیە بوو و سەر بە قەزای ناوەندی مووسڵ بوو.
-لە 19ی کانوونی دووەمی 1976 بە فەرمانی کۆماریی ژمارە 24، ناحیەکە هەڵوەشایەوە و بەشێکی خرایە سەر باشیک و بەشەکەی دیکەی خرایە سەر بەرتلە.
.jpg&w=3840&q=75)


