رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیەوە، پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوودا بۆ خواست.
شەوی چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆریل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیەوە سەردانی کردبوو.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی باڵیۆزی فەرەنسای کرد و هەوڵ و کارەکانی لەپێناو برەودان بە پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
لای خۆیەوە، باڵیۆزی فەرەنسا سوپاسی نێچیرڤان بارزانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی کرد کە هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەر بوون بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی، هەروەها جەختی لەسەر خواستی وڵاتەکەی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاوکاریی هاوبەش لە سەرجەم بوارەکاندا کردەوە.
لە دیدارەکەدا، یان برێم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوو.


