رووداو - دیجیتاڵ
کۆماری ئیتاڵیا مێدالیای رێزلێنانی "ئەستێرەی ئیتاڵیا بە پلەی سوارچاکی خاچی مەزن"ی بەخشییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. بەشداربووانی رێوڕەسمەکە جەخت دەکەنەوە کە ئەم رێزلێنانە نیشانەی متمانەی ئەوروپایە بەو رۆڵە "پراگماتیک و نێوەندگیرە"ی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا دەیگێڕێت.
لە رێوڕەسمێکی شایستەدا، مێدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا کە بە یەکێک لە باڵاترین مێدالیاکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت، بەخشرایە نێچیرڤان بارزانی. بەرپرسانی حکومی و دیپلۆماتکارانی بەشدار لە رێوڕەسمەکە، هاوڕان لەسەر ئەوەی کە کەسایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووەتە مایەی رێزگرتنی نێودەوڵەتی.
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان سەبارەت بە رۆڵی سەرۆکی هەرێم بە رووداوی گوت: "نێچیرڤان بارزانی کاریزمایەکی بەهێزی هەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان. لە ماوەی رابردوودا بینیمان کە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان لایەنەکان لە ناوچەکەدا، رۆڵێکی زۆر باشی لە رووی سیاسی و چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیانەوە بینیوە."
لەلایەکی دیکەوە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە نێچیرڤان بارزانی چ وەک سەرۆکوەزیرانی پێشوو و چ وەک سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان، توانیویەتی "پردی پتەو" لەگەڵ وڵاتانی جیهان دروست بکات و گوتی: "جێگەی دڵخۆشییە کە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو خەڵاتەی لەلایەن ئیتاڵیاوە پێبەخشرا."
'راگری هاوسەنگییەکان' هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەخشینی ئەم مێدالیایە بە نیشانەی سەرکەوتنی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان دەزانێت و دەڵێت: "راگرتنی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا کارێکی زۆر پێویستە، سەرۆکی هەرێم بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان توانیویەتی ئەو کاریزمایەی خۆی نیشان بدات."
کونسوڵی تورکیاش بە رووداوی گوتی: لە وڵاتی ئێمەش رێزێکی زۆری لێ دەگیرێت ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، کە یەکێک بوو لە میوانە دیپلۆماتکارەکانی رێوڕەسمەکە، ستایشی هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی کرد و رایگەیاند: "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە تورکیاش کەسایەتییەکی زۆر رێزلێگیراوە. هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە لە کاتێکدا گرژییەکانی ناوچەکە لە ئاستێکی بەرزدان، زۆر بەرز دەنرخێندرێت."
مێدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا بە پلەی سوارچاکی خاچی مەزن:
- واتای مێدالیاکە: باڵاترین رێزلێنانی کۆماری ئیتاڵیایە بۆ کەسایەتییە بیانییەکان.
- هۆکاری بەخشین: رۆڵی نێچیرڤان بارزانی وەک نێوەندگیرێکی جێ متمانە و پراگماتیک.
- گرنگیی سیاسی: نیشانەی پەیوەندییەکی ستراتیژی و پتەوە لە نێوان رۆما و هەولێر.
ئەم مێدالیایە لەکاتێکدا دەبەخشرێتە نێچیرڤان بارزانی کە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە
بە دۆخێکی هەستیاری سیاسیدا تێدەپەڕن و رۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە
هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکان لای وڵاتانی ئەوروپا و دراوسێ بە گرنگ دەبینرێت.

.jpg&w=3840&q=75)
