رووداو - دیجیتاڵ ئەو جووتیارانەی کەرکووک کە ناویان لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵییە و زۆربەیان کورد و تورکمانن، ناتوانن گەنمەکانیان رادەستی سایلۆ بکەن، چونکە لینکی نۆرەگرتن لەسەریان داخراوە. نوێنەری جووتیاران دەڵێت، لە ماوەی 10 رۆژدا لینکەکە تەنیا دوو جار و هەر جارێک بۆ 15 خولەک کراوەتەوە و کەس فریا نەکەوتووە نۆرە تۆمار بکات. محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "ئەوانەی ناویان لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵییە، زۆرینەیان کورد و دواتر تورکمانن. من بۆ خۆم هەردوو جارەکە لەگەڵ دوو ئەندازیاری IT خەریک بووم، بەڵام نەمانتوانی نۆرە تۆمار بکەین." سەبارەت بە پاساوی بەرپرسانی سایلۆ، محەممەد ئەمین دەڵێت: "قسەمان لەگەڵ سایلۆی کەرکووک کردووە، پێیان گوتووین خەڵکێکی زۆر بە زیاتر لە سێ ناو خۆیان تۆمار کردووە، ئێستا سەرقاڵی لادانی ئەو ناوانەین تاوەکو دەرفەت بە ئێوە بدەین." لینکەکە لە ناوچەکانی حەویجە، ریاز و رەشاد کە زۆرینەیان عەرەبن دەکرێتەوە و تەنیا سایلۆی کەرکووک نەبێت شەهاب ئەحمەد، جووتیارێکی کوردە و خاوەنی 60 دۆنم زەوییە، ئەو دەڵێت: "گەنمەکەمان لەسەر زەوی کەوتووە و خەریکە بەهەدەر دەچێت. لینکەکە بۆ ناوچە عەرەبییەکان بەبەردەوام کراوەیە، بەڵام بۆ ئێمە هەندێک جار تەنیا یەک خولەک دەکرێتەوە و فریاناکەوین." جیاوازیی نرخەکان لە سایلۆی کەرکووک دوو جۆر نرخ بۆ کڕینەوەی گەنم دیاریکراوە: - ناو پلانی کشتوکاڵی: تۆنی بە 700,000 دینار وەردەگیرێت. - دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی: تۆنی بە 500,000 دینار وەردەگیرێت. عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەکەیان گەیاندووەتە بەغدا و دەڵێت: "لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق قسەمان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێک نەکراوە؛ ئەمە لەکاتێکدایە کەمتر لە 10 رۆژی دیکە کات ماوە بۆ رادەستکردنی گەنم." ئێستا سەدان جووتیاری کورد و تورکمان لە کەرکووک لە دۆخێکی نادیاردان و مەترسیی ئەوەیان لەسەرە بەرهەمی ساڵێکیان بفەوتێت یان ناچار بن بە نرخێکی زۆر هەرزانتر لە بازاڕدا بیفرۆشن.