رووداو - دیجیتاڵ
سەرەڕای بارانێکی زۆر و نزیکبوونەوەی بەنداوی دووکان لە سەرڕێژبوون، بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکانی سلێمانی تینوون. زیاتر لە 10 گەڕەکی شارەکە کێشەی کەمیی ئاویان هەیە و لە هەندێک شوێن 7 رۆژ جارێک ئاویان پێدەگات، گوتەبێژی ئاوی سلێمانیش دەڵێت: "سێ پەمپی نوێ گەیشتوون و کێشەکە چارەسەر دەبێت."
لە گەڕەکی کانی سپیکەی سلێمانی، نزیکەی 300 ماڵ هەن کە دوو ساڵە لە وەرزی هاویندا بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن. کامەران محەممەد، دانیشتوویەکی گەڕەکەکەیە و دەڵێت: "ئاو نییە، کە دێتەوە تەنیا کەف و کوڵ دەکات و هەوای تێدایە. من بە تەنیا دەژیم و بەشم دەکات، ئەی ئەو خەڵکەی ماڵی سێ نهۆمییە و منداڵی هەیە چی بکات؟"
عومەر عەلی، یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی کانی سپیکە، رەخنە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگرێت و دەڵێت، هەر لایەنێک کێشەکە دەخاتە ئەستۆی لایەنێکی دیکە و کەس بەدەم داواکارییەکانیانەوە ناچێت، ئەمەش ناچاری کردوون پەنا بۆ کڕینی ئاو بە تانکەر بەرن.
جلشۆرین لە گەڕەکەکانی دیکە تەنیا کانی سپیکە نییە، بەڵکو گەڕەکی سەرچیاش هەمان کێشەی هەیە. مامۆستا شنە عەلی، کە نیشتەجێی ئەو گەڕەکەیە، ماوەی هەفتەیەکە بێ ئاون. ئەو دەڵێت: "کێشەی کەمئاوی ناچاری کردووین جلوبەرگ و پێداویستییەکانمان بەرینە ماڵی ناسیاوەکانمان لە گەڕەکەکانی دیکە بییانشۆین. دەبێت وەک پاسەوان لەسەر مۆبایلەکانمان بین تاوەکو بزانین کەی ئاو دەدرێتەوە."
هۆکار چییە؟ ئەو گەڕەکانەی کێشەی ئاویان هەیە دەکەونە سەر هێڵی دووەمی پرۆژەی ئاوی دووکان - سلێمانی. پێشتر سێ رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرا، بەڵام ئێستا بووەتە 5 بۆ 7 رۆژ جارێک. هۆکارەکەشی بۆ لەکارکەوتنی پەمپەکانی پرۆژەکە دەگەڕێتەوە.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی مژدەی بە هاونیشتمانییان دا و بە رووداوی رایگەیاند: "پشتیوان بەخوا سێ پەمپ گەیشتووە و گرفتی کەمئاوی چارەسەر دەبێت. هەوڵدەدەین تاوەکو مانگی هەشت (ئاب) بەتەواوی چارەسەری بکەین."
چارەسەری بنەڕەتی بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە، چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی ئاوی سلێمانی لە دوو خاڵدا کورت دەبێتەوە:
1. تەواوکردنی پرۆژەی هێڵی سێیەمی دووکان - سلێمانی کە ئێستا کارکردن تێیدا
بەردەوامە.
2. خەرجکردنی بودجەی پێویست بۆ چاکسازیی ساڵانە لە پەمپ و هێڵە کۆنەکاندا.
تاوەکو ئەو کاتەی پەمپە نوێیەکان دەکەونە کار، دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە دەبێت چاوەڕێی تانکەرەکان تاوەکو ئاویان بۆ ببەن.
