رووداو - دیجیتاڵ
مام بورهان، جووتیارێکی تەمەن 60 ساڵەی گوندی شۆریجەیە، ئەو رەنجی 18 ساڵی تەمەنی کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی زەوییەکەی کێشابووی، تەنیا لە دوو کاژێردا بوو بە خۆڵەمێش. ئاگرێک 46 دۆنم زەوی و نزیکەی هەزار داری زەیتوون، ترێ و هەناری لێ سووتاند.
بورهان محەممەد، کە لە ساڵی 2008ـەوە خەریکی ئاوەدانکردنەوەی دارستان و زەوییەکەی بووە بۆ خۆی و کوڕەکانی، باس لە ساتەوەختی رووداوەکە دەکات و دەڵێت: "سەرلەبەیانی ئاگرێک لە گوندەکە کەوتبووەوە، چووین بە هانای خەڵکەکەوە و ئاگرەکەمان کوژاندەوە،
بەڵام کاتێک گەڕاینەوە ماڵەوە و پشوومان دا، سەعات 02:45ـی پاشنیوەڕۆ بینیم ئاگر لە ناو زەوییەکەی خۆم کەوتووەتەوە و یەکسەر تەشەنەی کرد."
تەنیا زەوییەکەی مام بورهان نەبووە، بەڵکو هەر هەمان رۆژ دوو زەوی دیکە لە گوندی شۆریجە (سەر بە ناحیەی مەلا قەرە) ئاگریان گرتووە. جووتیارانی ناوچەکە نیگەرانن و گلەیی لە درەنگ گەیشتنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەکەن.
گلەیی لە کەمتەرخەمیی بەرپرسان مام بورهان دەڵێت: "کەمتەرخەمییەکە لە هەموو دەزگاکانی حکومەت بوو. گلەییمان لە بەڕێوەبەری ناحیەی مەلا قەرە و دیبەگە هەیە، بەتایبەتی لە کشتوکاڵی دیبەگە کە دەبوایە گرنگیی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدەن و لەم دۆخەدا بە هانامانەوە بهاتبا."
بەپێی بەدواداچوونەکانی (رووداو)، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لەو کاتەدا سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرێکی دیکەی گەورە بوون لە سنووری قوشتەپە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی درەنگ گەیشتنیان بووە.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "لە رێگە بووین ئۆتۆمبێلێک بنێرین بۆ گوندی شۆریجە، بەڵام بەداخەوە ئۆتۆمبێلەکە لەکارکەوت، تاوەکو تیمێکی دیکەمان نارد ئاگرەکە درەنگ کۆنترۆڵکرا."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵ جووتیاران هەیە و ئەمساڵ 15 تیمی جێگیریان بۆ پاراستنی دەغڵودان و زەوییەکان تەرخان کردووە.
لێکۆڵینەوەکانی بەرگریی شارستانی دەریدەخەن کە سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکان، هۆکاری بەشێک لە ئاگرکەوتنەوەکان بۆ "سوتاندنی پەرێز" لەلایەن هەندێک لە جووتیارانەوە دەگەڕێتەوە، کە دواتر کۆنترۆڵ ناکرێت و تەشەنە دەکات بۆ زەوییەکانی دەوروبەر.
