رووداو دیجیتاڵ گرژی لەنێوان پاسەوانەکانی بەرپرسێک و پاسەوانەکانی نەخۆشخانەیەکی کەرکووک دروستبوو. پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، دوو کەس لە پاسەوانانی نەخۆشخانەکە بریندارن. رۆژی دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، عەقید عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پاسەوانەکانی ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی، بە چەکەوە چوونەتە نێو نەخۆشخانەی وەتەن لە کەرکووک. کاتێک بەشی ئەمنیی نەخۆشخانەکە رێگری لە بردنە ژوورەوەی چەکیان کردووە، پاسەوانەکانی ئەحمەد رەمزی ناڕازی بوون و بەو هۆیەوە گرژی دروست بووە." عامر شوانی گوتی، دایکی ئەحمەد رەمزی نەخۆش بووە و بردوویانەتە نەخۆشخانەکە. لە یاسای نەخۆشخانەکەدا هەیە کە نابێ هیچ کەسێک بە چەکەوە بچێتەژوورەوە. محەممەد یاسین، بەرپرسی پاسەوانەکانی کۆمپانیای پیرۆت کە لە بەشی ئەمنیی نەخۆشخانەکەن، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "بە 9 کەسەوە و بە لەقە و بۆکس لە پاسەوانەکانیان داوە." گوتیشی: "کاتێک چوومە بنکەی رەحیماوا تاوەکو سکاڵا لەسەر پاسەوانەکان تۆماربکەم، بینیم ئەحمەد رەمزی هاتووەتە بنکەکە و رێگە نەدا لەوێ بڕۆمە دەرەوە و پاشانیش پەڕاوەکەیان لێ وەرگرتوومەوە." گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوولا سکاڵایان لەسەر یەکدی تۆمار کردووە، کەیسەکە دەچێتە دادگە و لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت.