رووداو دیجیتاڵ
وەرزی بڕینی هەنگوین لە پارێزگای مووشی باکووری کوردستان کۆتاییهات و لە نزیکەی 290 هەزار پوورەی هەنگ، نزیکەی 700 تۆن هەنگوین بڕاوە. ئەو هەنگەوانانەی لە پارێزگاکانی دیکەوە روویان لە ناوچەکە کردبوو، دەستیان بە گواستنەوەی پوورەکانیان کردووە.
نزیکەی 710 هەنگەوان کە زۆربەیان لە پارێزگاکانی ئۆردو، موغلا، ئامەد، رووها و پارێزگاکانی دەورووبەر هاتبوون، دوای بەسەربردنی وەرزی هاوین لە دەشتی مووش، کۆتاییان بە بڕینی بەرهەمەکانیان هێنا و دەستیان بە جێهێشتنی ناوچەکە کرد.
دەشتی بە پیتی مووش و رووەکی دەوڵەمەندی ناوچەکە، وایکردووە ببێتە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی بەرهەمهێنانی هەنگوین و ساڵانە هەنگەوانێکی زۆر لە پارێزگا جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیا رووی تێبکەن.
محەممەد شاهین کایا، سەرۆکی یەکێتیی بەرهەمهێنەرانی هەنگوین رایگەیاند، "ئەو هەنگوینەی لە دەشت و چیاکانی مووش بەرهەمدێت، کوالێتیی زۆر باشە. ئەم ساڵ نزیکەی 710 هەنگەوان میوانی دەشتەکەمان بوون. بەرهەمی ئەم ساڵ زۆر باش بوو، لە 290 هەزار پوورەی هەنگ نزیکەی 700 تۆن هەنگوینمان بەدەستهێنا. لە دەشتی مووش هەنگوینی کوالێتی بەرز بەرهەمدەهێنین کە زۆربەی سرووشتییە."
سەرۆکی یەکێتیی بەرهەمهێنەرانی هەنگوین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگەوانانەی لە دەرەوەی پارێزگاکەوە دێن، بە دڵخۆشییەوە ناوچەکە جێدەهێڵن و گوتیشی: "دوای کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، هەنگەوانی گرنگترین کەرتە لە مووش. وەرزی بڕین کۆتاییهات و ئێستا ئامادەکاری بۆ زستان دەکەین. بۆ بەسەربردنی وەرزی زستان، هەنگەوانەکان پوورەکانیان دەبەنە پارێزگاکانی ئێلیهــ، مێردین، ئامەد، رووها و هاتای."
پارێزگای مووش و ناوچەکانی دەوروبەری بەهۆی هەبوونی لەوەڕگەی بەرفراوان و جۆراوجۆریی رووەک، بە تایبەت گوڵ و گیای (گەوەن)، بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی هەنگوین لە تورکیا و باکووری کوردستان دادەنرێت.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار، هەزاران هەنگەوان لە پارێزگا گەرمەکانی وەک رووها، مێردین و ئامەدەوە روو لە کوێستان و ناوچە فێنکەکانی وەک مووش و بەدلیس دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوین.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی هاوین و دەستپێکی وەرزی سەرما، هەنگەوانەکان دەگەڕێنەوە ناوچە گەرمەکان بۆ ئەوەی زیان بە پوورەکانیان نەگات. ئەم کۆچە وەرزییە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و بووەتە بەشێک لە خولی ئابووریی هەنگەوانان لەو ناوچانە.
.avif&w=3840&q=75)

