پارێزەری ئەنفالکراوان لە دۆسیەی (عەجاج) رایگەیاند، عەجاج لە دانپێدانانەکانیدا ناوی چەندین ئەفسەری پێشووی سوپای عێراقی داوە کە دەستیان هەبووە لە ئەنفال دا. ئەمڕۆ دووشەممە، ئەیاد کاکەیی بە رووداوی راگەیاند، عەجاج، دانی بەوەدا ناوە کە سێ هەزار کوردی ئەنفالکراوی لە نوگرە سەلمان وەرگرتووە، "ئەم سێ هەزار کەسە بەشێکیان شەهید کراون و بەشێک چارەنووسیان دیار نییە و بەشێکی کەمیشیان رزگاریان بووە." ئەیاد کاکەیی گوتی: "ئێستا لایەنی پەیوەندیدار لە قۆناخی لێکۆڵینەوە و گەڕاندایە بۆ دۆزینەوەی ئەو ئەفسەرانەی پێشووی سەردەمی بەعس کە عەجاج ناوی داون بۆ ئەوەی ئەوانیش دادگایی بکرێن." لەبارەی دۆسیەکەی عەجاجیش کە فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، گوتی: "فەرمانەکە لە دادگە تەواو بووە و لەم رۆژانەدا دەبرێتە بەردەم سەرۆککۆماری عێراق بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکات." رۆژی 14ی ئایاری 2026، دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ "عەجاج ئەحمەد حەردان زوعیتەر عوبەیدی" دەرکرد. بەپێی بەڵگەنامەیەکی دادگە کە وێنەکەی دەست رووداو کەوتووە، عەجاج مەحکوم کراوە بە کوشتنی 1068 دەستبەسەرکراو لە رێگەی برسیکردن، تینوکردن و ئەشکەنجەدان تاوەکو رادەی مردن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی خێزانەکان و منداڵەکانیان و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنانی دەستبەسەرکراو لە نوگرەسەلمان. ئەیاد کاکەیی گوتیشی:"دوای پەسندکردنی لە لایەن دادگەی تێهەڵچوونەوەی فیدراڵییەوە، بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرگرتووە و ئامادەیە بۆ جێبەجێکردن." عەجاج تکریتی، کە لە 31ی تەممووزی 2025 دەستگیرکرا، یەکێکە لە "دڕندەترین" ناوەکانی مێژووی ئەنفال. لە 7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 26 شایەتحاڵ و رزگاربووی ئەنفال لەبەردەم دادگەدا گەواهییان لەسەر تاوانەکانی دا و وردەکاریی ئەو نەهامەتیانەیان گێڕایەوە کە لە قەڵای نوگرە سەلمان بەسەریاندا هاتووە.