رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی کەرکووک تۆمارکردنی تووشبوویەکی دیکەی تای خوێنبەربوونی لە سنووری پارێزگاکە راگەیاند، بەوەش کۆی گشتیی تووشبووان لەم ساڵدا گەیشتە پێنج کەس.
رۆژی دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تووشبووەکە ناوی (ئەمەل جاسم) و تەمەنی 35 ساڵە، کە دانیشتووی شاری حەویجەی سەر بە پارێزگای کەرکووکە.
ئەو ژنە لە رۆژی 4ـی ئەم مانگە پشکنینی بۆ کراوە و نموونەکەی رەوانەی بەغدا کراوە، دوێنێ ئەنجامی پشکنینەکەی گەڕاوەتەوە و دەرکەوتووە کە پۆزەتیڤە و تووشبووە. ئێستاش نەخۆشەکە لە نەخۆشخانەی کەرکووک خەوێندراوە و چارەسەری پزیشکی وەردەگرێ.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەرکووک، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 5 کەس لە سنووری پارێزگاکە تووشی تای خوێنبەربوون بوون. لەو ژمارەیە 3 کەسیان چاکبوونەتەوە و 2 کەسەکەی دیکەشیان ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی کە 17ـی حوزەیرانی 2026 بڵاوکرایەوە، دوو تووشبووی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. ئەو دوو تووشبووە تەمەنیان 71 ساڵ و 39 ساڵ و دانیشتووی گەڕەکێکی هەولێرن.
رۆژی 9-6-2026، وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماری تای خوێنبەربوونی راگەیاند. بەپێی ئامارەکە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 145 کەس تووش بوون و 9 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێ مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا دەیکوژێ. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێ، مردن لەنێو تووشبووان 10% بۆ 40%ـە.
کەسێک کە تووشی تای خوێنبەربوون بوو کۆمەڵێک نیشانەی لێ دەرکەوێت، ئەوانەش: تا، شەکەتی و هەستکردن بە بێهێزی، سەرسووڕان، ئازاری ماسوولکە، ئێسک یاخود جومگەکان، هێڵنج و رشانەوە و سکچوون.




