رووداو دیجیتاڵ
کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان گیانی لە دەستدا و رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، تەقەی لێکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، "بەیانیی ئەمڕۆ کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی دووماڵەی سەر بە شاری مەریوان لە پارێزگای سنە، بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرا."
بەپێی ئەو رێکخراوانە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنووری وەیسەی مەریوان بێ هۆشداریی پێشوەخت و بە پاساوی گواستنەوەی کەلوپەلی قاچاخ، (سەلاح خۆشنەمەک)ـیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
سەلاح خۆشنەمەک، تەمەن 18 ساڵ، خەڵکی گوندی (دووماڵە)ـی سەر بە شاری مەریوانە.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی 3ـی تەممووز کۆڵبەرێکی خەڵکی روانسەر بە ناوی وەزیر رەحیمی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژرا.
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، پار 26 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و 31 کۆڵبەریش بریندار کراون.




