رووداو دیجیتاڵ
ئەو مینانەی ساڵانێکی درێژە لە خاکی کوردستاندا چێنراون، ئێستا بوونەتە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر ژیانی هاونیشتمانیان و ژینگەی ناوچەکە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئەگەر پرۆسەی پاککردنەوەی زەوییەکان بەم شێواز و توانایەی ئێستاوە بەردەوام بێت، هەرێمی کوردستان 71 ساڵی دیکەی پێویستە بۆ ئەوەی بە تەواوی لە مینی چێنراو پاکببێتەوە.
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رەنج سەنگاوی دا لە رووداو، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەسەر دۆخی دەزگاکە و مەترسییەکانی مین خستەڕوو: "مەترسیی مین لە کوردستان زۆر جدییە. من پلەم وەزیرە، بەڵام بۆ کڕینی پێداویستییەکانی مینهەڵگرتنەوە دەبێت سواڵ بکەم! پرۆسەی پاکسازی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی سەختیی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە کارێکی یەکجار قورس و مەترسیدارە."
سەرۆکی دەزگای مین ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی 2014ـەوە هیچ جۆرە وەبەرهێنانێک لە بواری میندا نەکراوە و حکومەتی عێراقیش هیچ هاوکارییەکی دارایی یان لۆجستی پێشکەش نەکردوون. گوتیشی: "ئێمە 65 پێشمەرگەی کەمئەندامی مینمان هەیە کە بە گرێبەست کار دەکەن؛ بە پڕۆژەیاسا داوامان لە ئەنجوومەنی شوورا و ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کێشەیان بۆ چارەسەر بکەن، چونکە بەپێی یاسای گرێبەستەکان، لەگەڵ مردن یان شەهیدبوونیان، یەکسەر مووچەکانیان رادەگیرێت."
پێنجوێن؛ "مینی تێدایە لە تەماتە و شووتی زیاترە"
قوربانیانی مین لە دەڤەری پێنجوێن باس لە تاڵیی ژیانیان لەژێر سێبەری ئەو مەرگە شاراوەیەدا دەکەن. رەئووف عەلی، یەکێک لە قوربانیانی ناوچەکە، بە رووداوی گوت: "ئەو مینانەی لە خاکی پێنجوێندا چێنراون، لە بەرهەمی شووتی و تەماتەکەی زیاترن. هێندە گوێمان لە دەنگی تەقینەوە بووە، ئێستا لە دەنگی تەقەی تەنەکەیەکیش دەچڵەکێین." رەئووف رەخنە لە جیاوازیی هاوکێشەکە دەگرێت و دەڵێت، ئەو کەسەی لە رابردوودا مینەکەی چاندووە ئێستا خانەنشینییەکی باشی هەیە، بەڵام ئەو وەک قوربانییەک تەنیا 150 هەزار دینار مووچەی مانگانەی هەیە.
سەوزە کەمال، دانیشتوویەکی دیکەی ناوچەکەیە و چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە: "رۆژێک خەریکی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهاری بووم، شتێکم دۆزییەوە و هەڵمدا، دەستبەجێ تەقییەوە و دەرکەوت مین بووە. ناکرێت پێنجوێن بەم هەموو داهاتەیەوە بێت و حکومەت چارەسەرێکی ریشەیی بۆ نەکات."
جووتیار بەهائەدین، قوربانییەکی دیکەی دەستی مینە و دەڵێت: "ئێستا مەترسییەکان قورستر بوون. لە بن ماڵەکەی مندا، مین بە ئامێرەکانی کارکردندا تەقیوەتەوە. منداڵ هەبووە بۆ وانەخوێندن چووەتە بن سێبەری دارەکان و مینی پێدا تەقیوەتەوە و قاچی لەدەستداوە." هاوکات ئەبوبەکر سدیق، هاونیشتمانییەکی دیکەی پێنجوێن، ئاماژە بەوە دەکات هێشتا پاشماوەی مەترسیداری "بۆمبی هێشوویی" لەناو زەوییە کشتوکاڵییەکاندا ماون و پاک نەکراونەتەوە.
مینهەڵگرەکان؛ ژیان لەسەر لێواری وەسیەتنامە
بۆ تیمی مینهەڵگرتنەوە، کارکردن رۆژانە یاریکردنە لەگەڵ مەرگدا. محەممەد ئیبراهیم، سەرۆکی تیمی مینهەڵگرتنەوە، دەڵێت: "مین بە مەرگی شاراوە ناودەبرێت. لێرەدا هەڵەکردن تەنیا یەکجارە و کۆتاجاریشە. ئێمە داوا دەکەین گرێبەستەکانمان بکرێنە هەمیشەیی؛ پتر لە 26 ساڵە لەم بوارەدا کار دەکەین و نامانەوێت ئەگەر ڕۆژێک توانای جەستەییمان نەما، بە بێمووچەیی بخرێینە دەرەوە."
ئەنوەر جەعفەر، کە هاوکات هەم مینهەڵگرە و هەم خۆیشی قوربانیی مینە، دەڵێت: "لە ساڵی 2004ـەوە بە گرێبەست کار دەکەم، ئەگەر سبەی کەمئەندام بم، هیچ یاسایەک شمۆڵم ناکات."
لەسەر هەمان مژار، ڕابەر ئەنوەر، بەرپرسی بەشی قوربانیان لە هەولێر رایگەیاند: "ئەو جلانەی کارمەندانی مینهەڵگر دەیپۆشن کێشەکەی 7 کیلۆگرامە و کڵاوەکانیشیان زۆر قورسە. تەنیا لە 10 ساڵی ڕابردوودا لە دەڤەری سۆران 77 کەس بوونەتە قوربانی، کە 98%ـیان لە کاتی کارکردن یان کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارییدا تووشی ڕووداوەکە بوون."
ئامێری کۆنە و کارمەندی بێخانەنشین
موخڵیس شەریف، بەڕێوەبەری چالاکییەکان لە هەولێر، تیشک دەخاتە سەر کەمیی پێداویستییەکان و دەڵێت: "ئێمە ئۆتۆمبێلی مۆدێل 1998مان پێیە بۆ کارکردن کە خۆی وەک مینێکی لێهاتووە! ئامێرەکانمان تەنیا کانزادۆزەرەوەن نەک میندۆزەری پێشکەوتوو. کارمەندمان هەیە لە ساڵی 1992ـەوە کار دەکات و جەڵتەش لێیداوە، بەڵام ناچارە بەردەوام بێت چونکە سیستمی خانەنشینی نایگرێتەوە."
نەوزاد عەلی، بەڕێوەبەری چالاکییەکان لە سلێمانی، پەردە لەسەر لایەنێکی تری تراژیدیای دەزگاکە لادەدات و دەڵێت: "لە ساڵی 2021ـەوە دوو کارمەندمان لە کاتی کاردا شەهید بوون، بەڵام دەستبەجێ مووچەکانیان بڕدرا. ئێمە وەک ستافی دەزگاکە سندووقێکی هاوکاریی ناوخۆییمان داناوە و مانگانە پارە بۆ خێزانەکانیان کۆدەکەینەوە."
دەستوەردانی حیزبی و بەراوردکاری لەگەڵ ئەورووپا
هەڵوێست کامەران، شارەزا لە بواری مینهەڵگرتندا، لە ئەورووپاوە بەشداریی لە مژارەکەدا کرد و گوتی: "حیزب دەستوەردان لە کاروباری میندا دەکات، چونکە ململانێ دەکەن تاوەکو تەندەرەکان بۆ کۆمپانیاکانی خۆیان بەرن. جیاوازیی ژیانی مینهەڵگرانیش لێرە و لەوێ بێپایانە؛ لە ئەورووپا مووچەی مانگانەی مینهەڵگرێک دەگاتە 23,700 یۆرۆ (نزیکەی 3 دەفتەر دۆلار)، بەڵام لە کوردستان تەنیا یەک ملیۆن بۆ یەک ملیۆن و 100 هەزار دینارە."
ئامار و داتاکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین (لە ساڵی 1992ـەوە):
کۆی گشتیی زەوییە مینڕێژکراوەکان لە کوردستان: 776 کیلۆمەتر دووجا بووە.
رووبەری پاککراوە: 563 کیلۆمەتر دووجا.
رووبەری ماوە (هێشتا مینی تێدایە): 213 کیلۆمەتر دووجا.
پارێزگای یەکەم لە ڕێژەی مینڕێژکردن: پارێزگای سلێمانی بە 105 کیلۆمەتر دووجا لە پلەی یەکەمدایە.
ڕێژەی ناوچە مینڕێژکراوەکانی دیکە: هەولێر 50 کلم²، دهۆک 23 کلم²، هەڵەبجە 18 کلم²، ئیدارەی گەرمیان 17 کلم².
کۆی گشتیی قوربانیان: 13,560 کەس (گیانلەدەستدان و کەمئەندامبوون).



