رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشیی بۆ کۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرین کازم شانەدەری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خوالێخۆشبوو نموونەی مرۆڤێکی قوربانیدەری نیشتمانپەروەر بوو کە هەموو ژیانی لەپێناو دۆزی رەوای گەلەکەیدا بەسەربرد. لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە مێژووی خەباتی ئەو پێشمەرگەیە دەکات و دەڵێت، کازم شانەدەری یاوەری مەلا مستەفا بارزانی بووە لە کۆماری کوردستان و بەشدار بووە لە کاروانە مێژووییەکەی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو. نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەی دا دەڵێت: "سەرەخۆشیی قووڵم پێشکێش بە بنەماڵە و کەسوکاری بەڕێزیان دەکەم، هاوسۆز و هاوخەمیانم. لە خوای مەزن داواکارم گیانی بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەمووان ببەخشێت." سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە: "کازم شانەدەری، نموونەی مرۆڤێکی قوربانیدەری نیشتمانپەروەر و پاک و دڵسۆزی کورد و کوردستان بوو کە لە شۆڕشەکانی کوردستان دا لەگەڵ هاوڕێ و هاوبیر و هاوسەنگەرانیدا، هەموو ژیانی خۆی لەپێناو ماف و دۆزی رەوا و سەرفرازی و ئازادیی گەلەکەیدا بەسەر برد و لەو رێگەیەدا رەنج و ماندووبوون و زەحمەتێکی زۆری کێشا."
کوردستان05-07-2026سەرۆک بارزانی بۆ کۆچی دوایی کازم شانەدەری: ژیان و كۆڵنەدان و بەردەوامی لە خەباتدا وانەیەكی پڕبەهایە بۆ نیشتیمانپەروەرانی كوردستان