رووداو - دیجیتاڵ
دوای حەوت ساڵ لە "تەنگپێهەڵچنین"، تووڕەیی دانیشتووانی مەخموور تەقییەوە.
رێگرییەکانی سوپای عێراق لە بازگەی هەولێر-مەخموور و قەدەخەکردنی
هاوردەکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان، خەڵکی ناوچەکەی هێنایە سەر شەقام و
بۆ سێ کاژێر رێگەی سەرەکییان داخست. کاسبکارانی قەزاکە دەڵێن، ژیان لەژێر
سێبەری بازگەکانی سوپادا بووەتە "سوکایەتی" و جێهێشتنی شارەکە بووەتە ئاواتی
زۆرینە.
مەخموور کە ساڵانێکە باجی ململانێ سیاسییەکان دەدات، ئێستا لەژێر ئابڵوقەیەکی
بێدەنگدایە؛ گەمارۆیەک کە نەک هەر بژێوی کاسبکارانی کوردی لێسەندووەتەوە،
بەڵکو دەنگی عەرەبەکانی قەزاکەشی هەڵساند.
"لە سەردەمی بەعسیش وا نەبووە" سیامەند مەخمووری، کە کاسبکارێکی سەوزەفرۆشە و سیمای
ماندووبوونی پێوە دیارە، چیرۆکی بێ ئومێدیی شارەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "ئەگەر
رەوشەکە هەر ئاوا بێت، خەڵکی مەخموور هەمووی بار دەکات و شارەکە جێدەهێڵێت.
سوێند بەخوا لەسەردەمی بەعس دانیشتووانی مەخموور ئەوەندە سووک و رسوا نەبوون."
مام سیامەند باس لە رێکارێکی گاڵتەجاڕانەی سوپا دەکات لە بازگەکە و دەڵێت: "لە
بازگە داوای بارکۆد دەکەن، دوو رۆژ لەمەوبەر برادەرێک گوێدرێژێکی هێنابوو، لە
بازگە دەڵێن کوا بارکۆدەکەی؟ ئاخر بۆ خاتری خوا گوێدرێژ بارکۆدی لەکوێ بوو!"
هەموو شتێک قەدەخەیە رێگرییەکان تەنیا سەوزە و میوە ناگرێتەوە، بەڵکو کەلوپەلی
ناوماڵیش لای سوپای عێراق وەک "کاڵای قاچاخ" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. فاخر
جەمیل، دانیشتوویەکی مەخموورە و دەڵێت: "هەرچی دەهێنی لێناگەڕێن؛ رزق،
بەقاڵی، کەلوپەل. کەسێک موبەریدە یان قەنەفەی هێنابوو، لێیان نەگەڕان دەرباز
بێت، دەڵێن 'بگەڕێوە' نامەوێ بتبینم. داوا لە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان
دەکەم بێنە سەر هێڵ و ئەم کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکەن."
زیانی ملیۆنی و ماسییە مردووەکان کاسبکارە عەرەبەکانیش هاوشانی کوردەکان باجی ئەم
توندییە ئەمنییە دەدەن. ئەحمەد ساڵح، ماسیفرۆشێکە لە بازگە
گیر ببوو، ئەو دەڵێت: "ئەگەر 10 ئۆتۆمبێل بین، تەنیا رێگە بە 5 دانە دەدەن
و دەڵێن رۆژانە تەنیا 5 ئۆتۆمبێل بۆی هەیە دەرباز بێت. من نووسراوی فەرمی و
بارکۆدیشم هەیە، کەچی رێگەم نادەن. وەڵا دوو جار لەم بازگەیە ماسییەکانم لێ
مردوون و هەرجارەی زیانی دوو ملیۆن دینارم بەرکەوتووە."
گرێکوێرەی '١٦ـی ئۆکتۆبەر' لە دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧وە، کاتێک بازگەکانی مەخموور
کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵ، ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و جووتیارانی ناوچەکە
کەوتە ناو قەیرانێکی بەردەوامەوە. هەرچەندە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا ناوی ٦٣
کاسبکار تۆمارکرا بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێبدرێت پێداویستییەکان بهێنن، بەڵام قایمقامی
مەخموور، ڕزگار محەممەد ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا تەنانەت کار بەو لیستە فەرمییە
ناکرێت.
ئەم تەنگپێهەڵچنینە هیچ جیاکارییەک لەنێوان پێکهاتەکاندا ناکات و کورد و عەرەبی
ناوچەکەی پێکەوە نیگەران کردووە. ئێستا خەڵکی مەخموور یەک پرسیاریان هەیە:
تاوەکو کەی دەبێت بژێوی و رەنجی رۆژانەیان ببێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان؟


