رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کرانە سەر بۆرییەکانی نەوت لە سعودیە، هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی عێراق لەوبارەیەوە دەردەبڕێت و جەخت دەکاتەوە کە نابێت خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت.
لە راگەیێندراوێکدا کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری میدیایی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە کرانە سەر بۆرییەکانی نەوت لە شانشینی عەرەبیی سعودیەی برا و هاوپشتیی تەواوی خۆمان لەگەڵ شانشینی سعوودیە و پەرۆشیمان بۆ ئاسایش و سەقامگیرییەکەی دووپات دەکەینەوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە هەوڵەکانی بەغدا کراوە و هاتووە: "پشتیوانی لەو رێکارانە دەکەین کە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لەو دەستدرێژییانە و ئاشکراکردن و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی، دەیگرێتەبەر."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەسەر پاراستنی سەروەری و دراوسێیەتیی باش کردووەتەوە و دەڵێت: "نابێت خاکی عێراق ببێتە سەرچاوەی هیچ هەڕەشە و دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، دراوسێیەتیی باش و پەنابردنە بەر دیالۆگ و هاوکاری، گونجاوترین رێگەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا."
شەوی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد کە بۆریی نەوتی ستراتیژیی ناسراو بە (رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا) لە هەردوو پارێزگای ریاز و مەدینە، لەڕێگەی چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابوون، کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە بریندار و زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.
سعودیە رایگەیاندبوو، لەسەر داوای عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاریان داوە لەم قۆناخەدا وەڵامی سەربازی نەدەنەوە تاوەکو دەرفەت بدەن بە بەغدا رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریکردن لە پەلامارەکان بگرێتەبەر، هەرچەندە ریاز باسی لەوە کردبوو، مافی تەواوی خۆیان لە پاراستنی سەروەری و دامەزراوەکانی دەپارێزن.
هاوکات بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە، دەسەڵاتدارانی سعودیە وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی و بۆ رێگری لە تەقینەوەی گەورە، هەناردەکردنی نەوتیان لە رێگەی بۆرییەکەوە راگرت. ئەو بۆرییەی کە توانای گواستنەوەی رۆژانە حەوت ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە بەرەو دەریای سوور و یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوەکانی هەناردەی نەوتی سعودیە بەبێ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا.



