رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا پارێزگاری کەرکووک فەرمانی داوە کارپێکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان بکرێتەوە 24 کاژێری، سەرۆکی لیژنەی مۆلیدەکان دەڵێ: "گازمان تەنیا بەشی سبەی دەکات و مۆلیدەکان دەکوژێنەوە."
سامر عەلی، سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی کەرکووک، رۆژی شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026 بە رووداوی راگەیاند: "بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگامان بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکان بە 24 کاژێری جێبەجێ کردووە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هیچ گازێک دابین نەکراوە."
سەرۆکی لیژنەی مۆلیدەکان هۆشداری دەدات لە بڕینی کارەبا و دەڵێت: "گازمان تاوەکو سبەی یەکشەممە 13ـی ئەیلوول بەش دەکات و دواتر مۆلیدەکان خۆیان دەکوژێنەوە، چونکە نە لە بازاڕدا گاز ماوە و نە لە کارگەکانیش؛ تەنانەت پشکی گازمان بۆ دابین نەکراوە".
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی (11ـی ئەیلوولی 2026)، محەممەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک، بڕیاری کارپێکردنی مۆلیدە ئەهلییەکانی لە شاری کەرکووک هەموار کردەوە. لەسەر ئەو بنەمایەش، ئاڤێستا شێخ محەممەد، قایمقامی کەرکووک، سەرجەم خاوەن مۆلیدەکانی راسپارد کە سیستمی کارپێکردن بکەنەوە 24 کاژێری، وەک ئەوەی پێشتر هەبوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگاری کەرکووک، ئەم بڕیارە وەک وەڵامێک بووە بۆ ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان و بە مەبەستی سەقامگیریی دابینکردنی کارەبا دراوە. پارێزگار جەختیشی کردووەتەوە کە هەر خاوەن مۆلیدەیەک پابەند نەبێت، رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
لە سنووری پارێزگای کەرکووک نزیکەی 1200 مۆلیدە هەن.



